کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایانی دێموکرات له کوردستان هەڵبژاردنەکانیان بایکۆت کرد

11:14 - 1 رەشەمه 2719

كۆمه‌ڵێک له‌ مامۆستایانی دێموكرات له‌ كوردستان ڕایانگەیاندووە کە بۆ ئێمه‌ی‌ كورد دێموكراسی‌ له‌ كۆماری‌ ئیسلامیدا‌ مردووه‌ و هاوکات شانۆی هەڵبژاردنەکانیان لە پەیامێکدا بایکۆت کردووە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

خه‌ڵكی قارەمانی کوردستانی ڕۆژهە‌ڵات

ڕێژیمی پەت و سێدارە ٤١ ساڵە لە کوردستان و ئێران خەریکی جەنایەتە و بە ناوی هه‌ڵبژاردنەوە خەریکی هەڵخەڵەتاندنی دنیای ئازادە و ڕێژیم ملهۆڕیی خۆی بە دونیا دەفرۆشێت.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە هەر لەو ڕۆژەدا کە شەهید "دوكتور قاسملوو"، به‌ ده‌نگی‌ خه‌ڵكی‌ کوردستان بوو بە نوێنه‌ر لە مەجلیسی "خۆبرەگانـ"ـدا، بەڵام ڕێگای پێنەدرا كه بچێت نوێنه‌رایه‌تی‌ کوردستان بکات.

ئێمە مامۆستایانی دێموكراسیخوازی کوردستان هەر کەسێک کە ده‌نگ بدات بە هاوبەشی تاوانەکانی ڕێژیمی دادەنێن.

داوا لە خەڵکی بەشەرەفی کوردستان دەکەین کە هه‌ڵبژاردنەکان بایکۆت بکەن و لە ڕۆژی هه‌ڵبژاردندا لە ماڵەوە بمێننه‌وه‌‌ با ناوه‌نده‌كانی‌ ده‌نگدان چۆڵ بێت، با جیهانییان بزانن کۆماری سێدارەی ئیسلاميی ئێران هیچ ڕەواییەتێکی‌ له ناو خەڵکدا نەماوە و بە بایکۆتی هه‌ڵبژاردن جارێکیتر لەگەڵ خوێنی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان پەیمانی وەفاداری ببەستنەوە.

كۆمه‌ڵێك له‌ مامۆستایانی‌ دێموكرات له‌ كوردستان