کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایانی شاری سنە ناڕەزایەتیی مەدەنیانەیان دەربڕی

17:33 - 25 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: کۆمەڵێک لە مامۆستایانی شاری سنە، بە نیسبەت سیاسەتە توێنەرە پەروەردەییەکانی ڕێژیم ناڕەزایەتییان دەربڕی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٥ی ڕێبەندان، کۆمەڵێک لە مامۆستایانی شاری سنە، لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی سنە کۆ بوونەوە و بە هەڵگرتنی پلاکارد و لە کەشێکی مەدەنیدا خوازیاری مافەکانیان بوون.

بەپێی زانیارییە باوەڕپێکراوەکان، مامۆستایان هەڵگری درووشمگەلێکی وەک: "بۆ کۆمەڵگایەک کە مامۆستایانی لە بەندیخانەیە، دەبێت خوێن لە بگرێنین"، "فێرکردنی زمانی دایکی مافێکی مرۆڤە"، "گەڵاڵەی مامۆستای تەواووەخت، خەیانەتە خەیانەت"، نا بۆتایبەتیکردنی پەروەردە" و دروشمگەلێکی دیکە، خوازیاری ئازادی مامۆستایانی بەندکراو و هەروەها بەڕێوەچوونی ئەسڵی ١٥ی یاسای بنەڕەتی ئێران بۆ خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی بوون.

جێی ئاماژەیە، هاوکات ئەم ناڕەزایەتییانە لە شارەکانی کرماشان و ورمێش بەڕێوە چووە، کە لە درێژەی چەند مانگی ڕابردوودا ناڕەزایەتیگەلێکی لەم چەشنە بەڕێوە چوون، کە ڕێژیم هەتا ئێستاش ئاوڕێکی لەو بابەتە نەداوەتەوە.