کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایانی قوتابخانە لە "مەریوان" کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد

18:07 - 11 بانەمەڕ 2722

لە درێژەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی مامۆستایانی قوتابخانەکانی کوردستان و بەپێی ڕاگەیەندراوی شورای هاوئاهەنگیی مامۆستایانی ئێران، ئەمڕۆ شەممە،١١ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، مامۆستایانی شاری "مەریوان" کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان لە شارە بەڕێوە بردووە.

بەپێی زانیارییەکان ڕێژیم هەر لە بیانییەوە هێزێکێ زۆری دژە شۆڕش، هێزی تایبەتی سەر بە سپا، لباس شەخسی، جاش و بەسیجی لە گۆڕەپانی بەردەم ئیدارەی پەروەردە جێگیر کردبوون.

ئەو مامۆستایانەی قوتابخانە کاتژمێر ١٠ی بەیانی لە شوێنی کۆبوونەوەکە ئامادە ببوون کە لە ئاکامدا لەگەڵ هێرشی هێزەکانی ڕێژیم بەرەوڕوو ببوونەوە.

مامۆستایانی قوتابخانەی شاری "مەریوان" لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە به شێوەیەکی دڕندانە بێڕێزییان بە چەند کەس لە مامۆستایان کردووە و پاشان دەسبەسەریان کردوون بەڵام پاش ماوەیەک ئازادیان کردوون.

سەرەڕای ئەو سەرکوتانەی ڕێژیم مامۆستایانی قوتابخانەکان کۆڵ نادەن و لە چەند شوێنی دیکە هەوڵی کۆبوونەوە دەدەن کە هەموو جارێک دەکەونە بەر هێرش و بێڕێزیی هێزکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران.

ئەم هێرش و سەرکوتە لەکاتێکدا بووە کە پێش کۆبوونەوەکە چەند ئەندامی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی مامۆستایانی قوتابخانەی ئەو شارە بانگهێشت و دەسبەسەر کرابوون.

تا ئێستاش دۆخی "مەریوان" و بەتایبەت دەورووبەری ئیدارەی پەروەردە ئەمنییەتییە و هێزێکی زۆر لەو شوێنانە جێگیر کراون.