کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایانی قوتابخانە، گورچیلەکانیان دەفرۆشن

18:30 - 3 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: بەهۆی هەژاری و دۆخی ئابووریی ئێران، هاووڵاتییان ئەندامانی لەشی خۆیان دەفرۆشن کە ئەو دیاردەیە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنێت.

لە کۆمەڵگای ئێراندا خەڵک لەژێر دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهـدا، بەهۆی هەژاری و دابینکردنی بژێویی ژیانیان ڕوو لە کاری نەشیاو دەکەن.

لە ئێستادا، بە شێوەیەکی ئاسایی لەسەر دیوار و شوێنە گشتییەکاندا، ئاگاداری بۆ فرۆشتنی ئەندامانی جەستەی مرۆڤەکان دەبینین، کە ئەمە خەریکە دەبێتە دیاردە و لەنێو توێژی فەرهەنگییانی کۆمەڵگای ئێرانیشدا دەبینرێن.

لە نوێترین نموونەدا، بڵاوبوونەوەی وێنەی ئاگاداریی مامۆستایەکی ٤٦ ساڵەیە بۆ فرۆشتنی گورچیلەیەکی خۆی.

 لە هەموو کۆمەڵگا جیهانییەکاندا، هەوڵ دەدرێت ژیانێکی گونجاو بۆ مامۆستایان دابین بکرێت، بەڵام ئەوەی لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا دەبینرێت، هیچ گرینگییەکیان پێ نادرێت و لە دۆخێکی وەهادا ژیان دەکەن کە ناچارن ئەندامی جەستەی خۆیان بفرۆشن.

خەڵکانی ئێران، لەژێر سایەی سیاسەتە هەڵەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا، کە تەنیا لە ڕاستای پەرەدان بە تیرۆریزمی ناوچەیی و نانەوەی ئاژاوەگێڕی لە جیهاندا کار دەکەن، دۆخی ژیانیان ڕۆژبەڕۆژ بەرەو خراپتربوون دەڕوات و بە دژواری دەتوانن نانی شەویان پەیدا بکەن.