
مامۆستایانی قوتابخانەکانی کوردستان لە شار و ناوچە جیاوازەکان، لە وەڵامى بانگەوازى سەراسەریی شوراى هاووئاهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییە فەرهەنگییەکانى ئێران، نەچوونە نێو پۆلەکانیان و بە مانگرتن لە ژوورى مامۆستایان، ناڕەزایەتیى خۆیان دژى نادادپەوەرى و هەڵاواردن دەربڕی.
ئەمڕۆ شەممە ٢٠ى سەرماوەز، مامۆستایانی شارەکانی "سنە، مەریوان، سەقز، بانە و جوانڕۆ و..." لە پۆلەکان ئامادە نەبوون و بە هەڵگرتنی دروشم ناڕەزایەتییان دەربڕی.
مامۆستایانی ناڕازی خوازیارى جێبەجێکردنى دادپەروەرى و جێبەجێکردنى گەڵاڵەى پلەبەندى و هاوسەنگسازى و ئازادىی مامۆستایانى زیندانین.
یەکیەتیی مامۆستایان لە ئێران لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانیان بە گەڵاڵەی پلەبەندی کە بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی سەرماوەز لە مەجلیسی ڕێژیمی ئێران پێداچوونەوەی بەسەردا بکرێت و بە پەسەند بگات، ڕایانگەیاندووە کە ئەگەر ئەو گەڵاڵەیە بە شێوەی سەقەت پەسەند بکرێت و مافی مامۆستایان دابین نەکات، مان دەگرن و کۆبوونەوەی ناڕزایەتی لە سەرتاسەری ئێران بەڕێوە دەبەن.
مامۆستایانی لەسەرکار و خانەنشینکراو چەند مانگە بەنیسبەت بەڕێوەنەچوونی گەڵاڵەی پلەبەندیی مامۆستایان کە کولیاتەکەی لە مەجلیسی ڕێژیم پەسەند کرا، هەروەها وێکچوویی مووچەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانی بژێویی ژیانیان دەیان جار کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.
شورای هاوئاهەنگیی مامۆستایان داوای لە هەموو مامۆستایان کردبوو کە لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممەی ڕێکەوتی ٢٠ و ٢١ی سەرماوەز لە سەرتاسەری ئێران مان بگرن.