کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایانی لوڕستان ناڕەزایەتییان دەربڕی

12:00 - 9 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: مامۆستایانی قوتابخانەکانی پارێزگای لوڕستان، بەهۆی بڕیاری ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ئەو پارێزگایە، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ٨ی ڕەزبەر، مامۆستایانی "نێهزەتی سەوادئامووزی"ـی لوڕستان، بەهۆی بڕیاری ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ئەو پارێزگایە، ناڕەزایەتییان دەربڕی.

ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای لوڕستان بەو مامۆستایانەی وتووە کە ئێمە پێویستیمان بە ئێوە نییە و دەبێ بڕۆنە پارێزگاکانی دیکە و لەوێ وانە بڵێنەوە.

ئەو بڕیارە لە کاتێکدایە کە پارێزگای لوڕستان کەمیی مامۆستای بۆ قوتابخانەکان هەیە و بەشێک لە منداڵان به هۆی نەبوونی مامۆستا ناچار بوونە واز لە خوێندن بێنن.

 لە کاتێکدا بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران باس لە بنبڕکردن و نەهێشتنی نەخوێندەواری دەکەن، زۆربەی قوتابییان لە پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام بەهۆی بێ ئیمکاناتییەوە دەست لە خوێندن هەڵدەگرن.

لە ئەمساڵدا ١ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار قوتابی لە ئێراندا دەرس دەخوێنن، بەڵام ئەو قوتابییانە لەگەڵ کێشەی کەمیی مامۆستا و قوتابخانە بەرەوڕوون.

بەشێکی زۆری مامۆستایانی قوتابخانەکانی ئێران بە شێوەی "حق التدریس" کار دەکەن، ئەوەش کێشەیەکی دیکەی قوتابخانەکانی ئێرانە.

نەبوونی مامۆستا و قوتابخانە، نەبوونی پێداویستیی خوێندن و نەبوونی بەرنامەیەکی تۆکمە و دارێژراو بۆ خوێندن لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، تەنها ئامانجێکە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران چەندین ساڵە بەدوایەوە وێڵە و کاری بۆ دەکات کە سەرئەنجام کێشەیەکی لەبن نەهاتووی بۆ بەشی خوێندن لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دروست کردووە.