کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایانی کوردستان بەرەوڕووی ئازار و ئەشکەنجەی ڕەوانی و جەستەیی بوونەتەوە

12:35 - 29 جۆزەردان 2722

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەڵمەتێکی دەسبەسەرکردنی مامۆستایان لە شارەکانی کوردستان بەڕێوە چووە و تا ئێستا ژمارەیەکی زۆر مامۆستا لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

تا ئێستا نزیک بە هەژدە مامۆستا لە شاری سەقز دەسبەسەر کراون و لە زینداندا بەرەوڕووی ئازار و ئەشکەنجەی توند بوونەتەوە.

ئەو مامۆستایانە بەسەر چەندین گرووپدا دابەش کراون و بۆ لێپرسینەوە هەندێک بۆ ئیتلاعاتی سپا و کۆمەڵێک بۆ ئیدارەی ئیتلاعات و گرووپێک ڕادەستی هێزی ئینتزامی کراون و دواتر گشتیان بۆ زیندانی ناوەندیی شار ڕاگوێزراون.

ئەو ناوەندانەی ڕێژیم هەڕەشەیان لە مامۆستایان کردووە کە دەبێ هاوکاریی ئەو ناوەندانە بکەن ئەگەرنا لە داهاتوودا چارەنووسی خۆیان و منداڵەکانیان خراپ دەبێت. هەروەها هەڕەشەی دەرکردنی خۆیان و منداڵەکانیان لە قوتابخانەکان کردووە.

ئەو ناوەندانەی ڕێژیم هەروەها تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبەکانی دژبەری ڕێژیمیان لە مامۆستایان داوە و داوایان لێ کردوون کە دەبێ زانیاری لەسەر یەکتری بەو ناوەندانە بدەن.

ئەو مامۆستایانە لە کاتی دەسبەسەرکرانیاندا بەرەوڕووی ئازار و ئەشکەنجە و سووکایەتیی زۆر بوونەتەوە و زۆرێک لە کەلوپەلە کەسییەکانیان وەکوو مۆبایل و لەبتاپ و زۆر کەرەستەی دیکەیان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە گیراون و تا ئێستا پێیان نەدراونەتەوە.