کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایەک لە "خوراسان" کە دەستدرێژیی سێکسیی کردبووە سەر قوتابییان، تەنیا ٥ ساڵ بەندیخانەی بۆ بڕاوەتەوە

13:26 - 30 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی پووشپەڕ،"عەلیڕەزا موسەوی نژاد" بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای "خوراسان" هەواڵی دەستدرێژیی سێکسیی مامۆستایەکی قوتابخانەی لە شاری "فێردەوس" سەر بە ئەو پارێزگایەی بۆ سەر کچانی منداڵ پشتڕاست کردووەتەوە.

بە وتەی "موسەوی نژاد" ئەو مامۆستایە کە ناوی بە "م.د" و تەمەنی ٥٥ ساڵ، بڵاو بووەتەوە، دەستدرێژیی کردووەتە سەر لانیکەم ٧ کچی قوتابی و وتووشیەتی کە دادگا بەدواداچوون بۆ دۆسیەکەی دەکات. بەڵام بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ڕێژەی ئەو قوتابییانەیان ١٨ کەس بڵاو کردووەتەوە.

بنەماڵەی ئەو قوتابییانە وتوویانە: "ئەو مامۆستا تاوانبارە، کەڵکاژۆی لە پۆلی تایبەتی وەرگرتووە و لەو ڕێیەوە دیمەن و فیلمی نەشیاوی بۆ ئەو منداڵانە گرتووە و دەستدرێژیی کردوونەتە سەر".

خەمۆکی و کەم دوێیی و گریانی شەوانەی ئەو قوتابییە منداڵانە بووەتە هۆکاری ئەوەیکە بنەماڵەکان ئەو کارە دزێو و ناپەسندەیان بۆ ئاشکرا بێت.

لەو دۆسیەیەدا ٧ بنەماڵە سکاڵایان تۆمار کردووە و ئەوانی دیکە بەهۆی ترس و ئابڕوو و هەڕەشەی "م.د" سکاڵایان نەکردووە.

"زارع حوسێنی" سەرۆکی دادی "فێردەوس" سزای تاوانی ئەو مامۆستایەی تەنیا بۆ ٥ ساڵ دەسبەسەری بڵاو کردووەتەوە کە ناڕەزایەتیی خەڵکی لێکەوتووەتەوە.

بەپێی بڵاوکراوەی پەیوەندییە گەشتییەکان، لانیزۆری سزای دیاریکراو لە یاسادا بۆ ئەو تاوانبارە دەر کراوە.

لە یاسای سزای ڕێژیمی ئێراندا، سزایەکی دیاریکراوی لەو شێوە تاوانە بۆ تاوانباران دیاری نەکراوە، تەنیا لە کاتی سەلماندنی تاوانەکە، "سێ مانگ تا ٥ ساڵ بەند" بۆ تاوانبار لەبەرچاو گیراوە.