کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران مامەڵەی نەوت بە کاڵای لەگەڵ کورەی باشوور واژۆ کرد

10:49 - 11 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بۆ یەکەمجار مامەڵەی نەوت بە کاڵایان لەگەڵ کورەی باشوور واژۆ کرد.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بۆ دەربازبوون لە گوشارە ئابوورییەکانی ئامریکا، بۆ یەکەمجار لەگەڵ وڵاتی کورەی باشوور لەسەر گۆڕینەوەی نەوت بە کاڵا ڕێک کەوتوون و ڕێژیمی ئێران لە جیاتی پارە، کاڵا لەو وڵاتە هاوردە دەکات.

لەو بارەوە "حوسێن تەنهایی" سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئێران ڕایگەیاندووە: ئێران کاڵا لە کورەی باشوور هاوردە دەکات.

پێشتریش دوو نوێنەری سێنای فەڕانسە، لە دوای پەسەندکردنی گەمارۆوە ئابوورییەکانی و لە ترسی سزاکانی ئامریکا بۆ دەورلێدانەوەی گەمارۆوەکان، بە مەبەستی هاوکاریی ئابووری و درێژەی مامەڵە بازرگانییەکان؛ پێشنیاریان کرد کە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران کاڵا بە نەوت بگۆڕدرێتەوە.

لەو بارەوە "بەهرام قاسمی" وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران وتبووی: ئێمە به هۆی گوشارەکانی ئامریکاوە جۆری هاوکارییەکانمان لەگەڵ ئورووپا ئاشكرا ناکەین و ڕێوشوێنی ئێمە بۆ مامەڵەی نەوت لە بەرانبەر کاڵادا لەگەڵ ئورووپایییەکان، بە مانای گۆڕینەوەی نەوت بە خۆراک نییه.

کاربەدەستانی ئامریکایی ڕایگەیاندووە: "ڕێژیمی ئێران لە داهاتێک کە لە ڕێگای فرۆشی نەوت بەدەستی دێنێت، یارمەتی و پشتیوانی ماڵی تێرۆریستان دەکات، هەر بۆیە داوای لە وڵاتانی دیکە و بەتایبەت یەکیەتیی ئورووپا کردووە، کە پێبەندی گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران بن، بۆ ئەوەی سەرچاوەی یارمەتییەکانی تیرۆریستان وشک بکەن".