کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگانە ١٠٠ پەرستاری ئێرانی کۆچ دەکەن

12:50 - 19 خاکەلێوه 2721

سەرۆکی گشتیی ڕێکخراوی نیزامی پەرستاری وتوویەتی کە ئاماری کۆچکردنی پەرستارەکان بەنیسبەت ساڵەکانی پێشترەوە هەڵکشاوە و بە شێوەی نێونجی مانگانە ١٠٠ پەرستار کۆچ دەکەن.

"محەممەد میرزابەیگی" سەرۆکی گشتیی ڕێکخراوی نیزامی پەرستاری، هەروەها ڕایگەیاندووە کە وڵاتانی دیکە زۆر بە باشی پەرستارە ئێرانییەکان وەردەگرن و پەرستاری کە لە پیشە ئەستەم و زیانبارەکانە، ژنان دوای ٢٠ ساڵ کار خانەنشین دەکرێن و پیاوانیش پاش ٢٥ ساڵ.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە کە بەرپرسان لەو ماوەیەدا ئەو یاسایەیان نەپاراستووە یان مافی بیمەیان کەم کردووەتەوە و تەنانەت جەریمەشیان کردوون و بۆ ئەم کێشانە سەرۆکی "دابینکردنی کۆمەڵایەتی" (تەئمینی ئیجتماعی) دەبێ وڵامدەر بێت.

لەو ماوەیەدا کە ڤایرۆسی کۆرۆنا جیهانی گرتە بەر، پەرستارەکان لە ئێران خراپترین دۆخیان بردەسەر، چونکە بە شێوەی پێویست کەرەستەی پێویستیان بۆ پاراستنی خۆیان لەو ڤایرۆسە نەبوو، هەروەها جیا لەوەش مووچە و حەقدەستەکانیان بە دواکەوتنەوە پێ دەدرا.

کێشەکانی بەردەم کاروباری پەرستارەکان بووەتە هۆکار تا زیاتر لە جاران ئەو چینەی کۆمەڵگا لە بیری کۆچکردن و ڕۆیشتن بۆ وڵاتانی دەرەوەدا بن.