کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنی سەرتاسەریی مامۆستایان بەردەوامە

11:50 - 13 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: مانگرتنی سەرتاسەریی مامۆستایان بە نیسبەت جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان پێی نایە ڕۆژی دووهەمەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەمڕۆ دووشەممە، ١٣ی ڕەشەمەی ١٣٩٧ی هەتاوی، مامۆستایانی کوردستان و ئێران بۆ دووهەمین ڕۆژ بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان دەستیان دایە مانگرتن.

مانگرتنی ئەمڕۆی مامۆستایانی کوردستان لە شارەکانی سەقز، مەریوان، سنە، کرماشان، پاوە، نۆدشە، سەوڵاوا و کامیاران بە شێوەیەکی بەربڵاوتر بەڕێوە چووە.

ئەو مانگرتنە لە مانگرتنی مانگی خەزەڵوەر یەکگرتووتر و بەربڵاوترە.

شۆرای هاوئاهەنگیی دامەزراوە سێنفییەکانی فەرهەنگیانی ئێران ڕایگەیاندووە: "هەواڵەکان دەرخەری ئەوەیە کە لە سەرجەم پارێزگاکان مانگرتن بەڕێوە دەچێت و لە زیاتر لە سەد شار و دەیان گوند مانگرتنیان بەڕێوە بردووە، بەڵام بەداخەوە زۆربەی مانگرتووان هەواڵێکیان لە مانگرتنەکانی خۆیان بڵاو نەکردووەتەوە.

بە وتەی شۆرای هاوئاهەنگیی دامەزراوە سێنفییەکانی فەرهەنگیانی ئێران، تەنیا لە شاری سەقز ٥٠ قوتابخانە بە شێوەیەکی بەرین مانگرتنیان بەڕێوە بردووە و هەندێک قوتابخانەش داخراون.

فەرهەنگیان جەختیان کردووەتەوە، ئەو مانگرتنەی فەرهەنگیان هەڵوێستێکی تەواو خۆڕسک، سەرتاسەری و دوور لە سیاسەت و دەستەبازییە.

ڕێکەوتی ١ی ڕەشەمە، شۆرای هاوئاهەنگیی دامەزراوە سێنفییەکانی فەرهەنگیانی ئێران، لە بانگەوازێکدا دوای لە مامۆستایان کرد بە هۆی جێبەجێ نەکردنی داواکارییەکانیان لە ڕۆژانی ١٢، ١٣ و ١٤ی ڕەشەمە، لە شوێنی کارەکانیان ئامادە بن، بەڵام لە ڕۆیشتن بۆ سەر پۆلەکانی وانەوتنەوە خۆ ببوێرن.

پێشتریش مامۆستایان لە ماوەی ڕۆژانی ٢٢ و ٢٣ی ڕەزبەر، هەروەها ٢٢ و ٢٣ی خەزەڵوەر لەسەر داوای شۆرای هاوئاهەنگیی دامەزراوە سێنفییەکانی فەرهەنگیانی ئێران دەستیان دابووە مانگرتن.