کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنی چین و توێژەکانی خەڵک لە ئێران و کوردستان درێژەی هەیە

13:10 - 17 گەلاوێژ 2720

کرێکارانی پیشە جیاوازەکان لە ئێران و کوردستان، بەهۆی بە پێنەدانی مووچە و حەقدەست دۆخێکی خراپیان هەیە و لە چەندین شاری ئێراندا دەستیان داوەتە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و داوای مافەکانیان دەکەن.

کرێکاران، کارگە و کارخانەکان و شۆفیر تاکسییەکان لە چەندین شاری ئێراندا دەستیان داوەتە مانگرتن. هۆکاری ناڕەزایەتیی شۆفیر تاکسییەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا دۆخی ژیانیان دژوارە و کەس ئاوڕێکیان لێ ناداتەوە.

هاوکات کرێکارانی شیرکەتی پاڵاوتگەی نەوتی قورسی قشم دەستیان داوەتە مانگرتن و داوای مافەکانیان دەکەن.

لە درێژەی مانگرتنی کرێکاران، کرێکارانی پێترۆشیمیی "سەبەلان" بەهۆی گەندەڵیی کاربەدەستانەوە دەستیان لە کارەکانیان کێشاوەتەوە.

لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە ئێران بەردەوام درێژەی هەبووە و دژی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران دروشم دەدەن.

دۆخی کرێکاران لە ئێران لەگەڵ کێشە و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم بەرەوڕوویە و ڕۆژانە کرێکاران لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە بەرانبەر بە دۆخی خراپی ئابووری و پێنەدانی مووچە و حەقدەستیان ناڕەزایەتی دەردەبڕن.