کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنی کرێکارانی کانگای "ئاسمینون" بە سەرکوتی هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران کۆتایی پێ هێنرا

11:38 - 7 سەرماوەز 2721

ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو مانگرتنی کرێکارانی کانگای "ئاسمینون" وەک ڕەوتی هەمیشەیی ناڕەزایەتییەکان، بە سەرکوت و بەڵێنییەکانی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران کۆتایی پێ هێنرا.

ماوەی سێ ڕۆژ بوو کرێکارانی کانگای "ئاسمینونـ"ـی منوجان سەر بە پارێزگای کرمان سەبارەت بە پێنەدانی مووچە و مافەکانیان، ڕێگای تڕانزیتیی منوجان ـ بەندەرعەباسیان لە باشووری کرمان داخستبوو.

یەکێک لە ناڕازییان وتوویەتی: "کاربەدەستانی منوجان بە جێگای ئەوەیکە داخوازییەکانی کرێکاران جێبەجێ بکەن دۆسیەیان بۆ دروست کردووین".

لە ماوەی ئەو چەند ڕۆژەدا هێزەکانی ڕێژیم لە شوێنی مانگرتنی ناڕازییان جێگیر بوونە.

ئەوە یەکەم جار نییە کە کرێکارانی کانگای "ئاسمینون" سەبارەت بە کەمتەرخەمیی بەرپرسان سەبارەت بە ماف و داخوازییەکانیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی پێک دێنن.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا هاوکات لەگەڵ زیادبوونی کێشەی ئابووری و ژیان لە ئێران و ناڕەزایەتیی کرێکاران سەبارەت بەم دۆخە، کاربەدەستانی ڕێژیم لە بواری ئەمنییەتی و دادوەری بە شێوەیەکی توندوتیژانە لەگەڵ چالاکانی سێنفی و کرێکاری هەڵسوکەوت دەکەن.