کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنی گشتی مامۆستایان دەستی پێکرد

12:01 - 12 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: مانگرتنی سەرتاسەری مامۆستایانی شارەکانی کوردستان و ئێران دەستی پێکرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٢ی ڕەشەممەی ١٣٩٧ی هەتاوی، پاش بڵاوبوونەوەی ڕاگەیەندراوی شۆرای هاواهەنگیی دامەزراوە سێنفییەکانی فەرهەنگیان بۆ مانگرتنی سەرتاسەری، مامۆستایانی ئێران و کوردستان لە شارە جیاجیاکاندا بە شێوەیێکی بەرینتر لە دوو جاری پێشوو دەستیان داوەتە مانگرتن و داواکاری دەستەبەربوونی خواستەکانیانن.

ئەو دروشم و داواکارییانەی کە مامۆستایان لەم مانگرتنەدا باسیان لێوە دەکەن بریتین لە:

"خوێندن  و نووسین بە زمانی کوردی مافی هەر مرۆڤێکە"، "بەڕێوە بردنی ئەسڵی ٣٠ یاسای بنەڕەتی"، "جیگای مامۆستا بەندیخانە نییە"، "پەروەردەی خۆڕایی مافی منداڵانە"، ئێمە خوازیاری جێبەجێ کردنی مافی گوندەکانین" و چەندین داواکاری دیکە.

مانگرتنەکان بە شێوەیێکی بەرین لە شارەکانی، "سەقز، سنە، کرماشان، مەریوان" و پارێزگا و شارەکانی دیکەی کوردستان بەڕێوە چوو.

ڕۆژی ١ی ڕەشەممە، شۆرای هاوئاهەنگیی دامەزراوە سێنفییەکانی فەرهەنگییانی ئێران، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، داوای لە مامۆستایان کردبوو، کە بە هۆی نەدانی مووچە، لە ڕۆژانی ١٢، ١٣ و ١٤ی ئەم مانگە، خۆیان لە چوون بۆ سەر کلاسەکانی خوێندن ببوێرن.

لە بەشێکی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتبوو: ساڵانێکە فەرهەنگییان بە کەڵکوەرگرتن لە ڕێگای یاسایی هەوڵیان داوە، سیاسەتداڕێژان بەو قەناعەتە بگەێنن، کە بۆ دەستخستنی گەشەی هەرمان و گەشەی هەمەلایەنەی وڵات، پەروەردە و ڕاهێنان لە سەرووی بەرنامەکان و بوودجەی خۆیان دابنێن، بەڵام لە لایەن بەرپرسانەوە هیچ وڵامێكیان پێ نەدراوەتەوە.

ئەو داواکارییە لە ٦ خاڵدا خرابوونە ڕوو کە بریتین بوون لە: "ئازادیی چالاکانی سێنفیی فەرهەنگی و داخرانی هەموو دۆسییەکان لەو پێوەندییەدا، لابردنی سەرجەم بەربەستە یاساییەکان بۆ چالاکیی فەرمی و ئازادی فەرهەنگییان لە سەرتاسەری ئێراندا، دابینکردنی پشکی گونجاو لە بوودجەی ساڵی ٩٨دا بۆ بەشی پەروەردە و ڕاهێنان، یەکسانیی مووچەی خانەنشینکراوانی فەرهەنگی لەگەڵ کەسە خاوەن کار و پیشەکان و بەرزکردنەوەی بۆ سەرووی هێڵی هەژاری، لابردنی گرێبەستی بیمەی ناکارامەی ئێستا و جێگۆڕینی لەگەڵ بیمەی کارا و وڵامدەر و ڕاگرتنی سیاسەتی بە پارەییکردنی قوتابخانەکان و جێبەجێکردنی ئەسڵی ٣٠ی یاسای بنەڕەتی.

هەرلەم پێوەندییەدا مامۆستایانی کوردستان پاش داواکاریی شۆرای هاواهەنگی دامەزراوە سێنفییەکانی فەرهەنگییانی ئێران لە مانگەکانی ڕەزبەر و خەزەڵوەر مانگرتنی گشتییان بەڕێوە برد کە لە ئاکامدا چەندین مامۆستاش کە تەنها خوازیاری مافە ڕەواکانیان بوون، لە لایەن ڕێژیمەوە دەستبەسەر کران.