کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنی گشتیی مامۆستایان بۆ جاری دووهەم بەڕێوە دەچێت

12:51 - 17 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: مانگرتنی سەرتاسەریی مامۆستایان لە ئێراندا، بۆ جاری دووهەم و لە ڕۆژانی ٢٢ و ٢٣ی خەزەڵوەردا بەڕێوە دەچێت.

شۆرای هاوئاهەنگیی دامەزراوە سێنفییە فەرهەنگییەکان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ی هەتاوی، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، داوایان لە مامۆستایانی سەرتاسەری ئێران کردووە، کە لە ڕۆژەکانی ٢٢ و ٢٣ی خەزەڵوەردا پەیوەست بە مانگرتنی سەرتاسەرییەوە ببن.

بەپێی ئەم ڕاگەیەندراوە، کە بە دروشمی "دەڕۆینەوە بۆ قوتابخانەکان، بەڵام لە پۆلەکاندا بەشداری ناکەین" بڵاو کراوەتەوە، هاتووە کە" دامەزراوە ئەمنی و حراسەتەکان لەسەر دۆسییەسازی و سەرکوتی چالاکان بەردەوامن، بە شێوەیەک کە بۆ هەڕەشە و تۆقاندنی مامۆستایان زیاتر، تۆمەتی ئێخلاقی و دەروونی وەپاڵیان دەدەن.

هەندێک لە بەشداربووانی مەجلسیش، ڕاشکاوانە، نکۆڵی لە ناڕەزایەتیدەربڕینی مامۆستایان لە قاڵبی مانگرتندا دەکەن و هەندێکی دیکەش بە وشەگەلی ناشیرین، بێڕیزی به مامۆستایان دەکەن. لە وەها حاڵەتێکدایە کە مامۆستاکان بەپێی مافی شارۆمەندی و ئیمتیازی یاسایی بۆ دابینکردنی داخوازییەکانی خۆیان ناچار دەبن، ناڕەزایەتی دەرببڕن و مان بگرن"

هەروەها، شۆرا لەو مامۆستایانەی کە بە هەر هۆکارێک لە مانگرتنی مانگی ڕەزبەردا بەشدارییان نەکردووە داوای کردووە، که یەکڕیزانە پەیوەست بە مانگرتووانەوە ببن، ترس و دوودڵی وەلا بنێن و لە هەڕەشەکان نەترسێن؛ هەروەها جەختیان کردووەتەوە، که "هێزی ئێمە لە گرێوی یەکگرتوویمانە و هەموو ئەم کردەوانە بەپێی یاسای بنەڕەتیی ئێران ڕێگەپێدراون."

شۆرای هاوئاهەنگی، ڕوو لە بنەماڵە و قوتابییان، ئامانج لەم مانگرتنانەی بە ناچارکردنی دەسەڵاتداران بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی خۆیان بەپێی یاسای بنەڕەتی لە بەرانبەر قوتابییان و دابینکردنی پەروەردەی خۆڕایی، لە ئاستێکی سەرەوە و دادپەروەرانەوە ڕاگەیاند.

یەکەمین خولی مانگرتنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرهەنگیان لە ئێراندا، لە ڕۆژەکانی ٢٢ و ٢٣ی ڕەزبەردا بەڕێوەچوو، کە بووە هۆی دەستبەسەرکرانی زۆرێک لە مامۆستایان و هەندێک لەوان بە دانی بارمتەی قورس  ئازاد کران.