کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنەکان لە شارەکانی ئێران بەردەوامن

11:16 - 16 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: لە درێژەی مانگرتنی کرێکاران به مەبەستی لەبەرچاوگرتنی مافەکانیان و وەرگرتنی مووچە، کرێکارانی کۆمپانیای پەیمانکاریی دووسایدی سەقز ـ بۆکان، مانیان گرت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کرێکارانی ئەم پرۆژەیە، لە ئاکامی وەرنەگرتنی مووچەی ٥ مانگی خۆیاندا دەستیان داوەتە ناڕەزایەتیدەربڕین و لە درێژەدان به کارەکانیان خۆیان بواردووە.

پەیمانکاری ئەم پرۆژەیە، کۆمپانیای ئاو و خاکی پارسه، که لە ساڵی ڕابردووەوە چالاکی خۆی دەست پێ کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ٥٠ کەس لە ئەندامانی ئەم کۆمپانیایه له پۆستەکانی کارناسی، کاروباری نووسینەگە و ئیداری، شۆفێر و کرێکار خەڵکی سەقزن، که ٥ مانگه مووچەیان وەرنەگرتووە.

ئەم کۆمپانیایه سەرەڕای بیمەکردنی کرێکارەکانی، به هۆی تەرخان نەکردنی ئیعتبار لە لایەن وەزارەتی ڕێگاوبان و کێشەی ماڵییەوە، تووشی ناتوانی لە دانی مووچەدا بووە.

سەرحەدی، بەرپرسی ئەو پرۆژەیە، نەبوونی پارەی پێویست بۆ دانی مووچەی کرێکارانی بۆ نەدانی پارەی پەیمانکار لە لایەن کارفەرما که کۆمپانیای "ساخت و توسعه زیر بناهای حمل و نقلـ"ـە گەڕاندووەتەوە، کە لە ژێرکۆی وەزارەتی ڕیگاوبانە.

لە پێوەندی لەگەڵ ئەم مانگرتنانەدا، سەرەڕای مانگرتنی سەرتاسەریی کامیۆندارەکانی شارەکانی ئێران لە ڕۆژی یەکی ڕەزبەرەوە، لە دوو ڕۆژی ڕابردووەوە، کرێکارانی شارەداریی شاری شادگان لە پارێزگای خووزستان بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین لە بەرانبەر به نەدانی مووچەی ٩ مانگی خۆیان لە بەردەم بینای شارەداریی ئەم شارەدا دەستیان دایە مانگرتن و دەرکەی سەرەکیی ئەم شارەدارییەیان داخستووە.

لە مانگەکانی ڕابردووشدا، کرێکارانی شارەکانی ئابادان و ئەهواز لە بەرانبەر شارەداریی ئەو شارانەدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.