
هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی سەرشەقام و خۆپیشاندانی هاووڵاتیان سەبارەت بە گرانیی شتومک و پێداویستییەکانی ژیان، مانگرتنەکانیش لە زۆربەی شارەکانی ئێران بەردەوامە.
بەشێک لە کرێکارانی شیرکەتی "نەوت و گاز ـ کازروون" و "نەوت و گاز ـ مارۆنـ"ـی ئەلئەحواز سەبارەت بە دۆخی خراپی ژیان، کار و کەمیی مووچەکانیان دەستیان لەکار کێشاوەتەوە و لە بەردەم بینای ناوەندیی ناوچەی سەرچاوەی نەوتیی باشووری ئەو پارێزگایە مانیان گرتووە.
هەروەها فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی ناوەندی "دڵـ"ـی تاران سەبارەت بە کەمی و دواکەوتوویی مووچەکانیان و دۆخی خراپی ژیان و کاریان، دەستیان لەکار کێشاوەتەوە و داخوازی ئەوەن کە ویست و داخوازییەکانیان دابین بکرێت.
هەر لەو پەیوەندییەدا شۆفیرانی شیرکەتی یەکەی ئوتووبووسڕانی و پێیک مۆتۆرییەکانی "ئێسنەپفوود"یش لە تاران لەهەمبەر دۆخی خراپی کاریان مانیان گرتووە.
ئەو کرێکارانە سەبارەت بە هاوسەنگنەبوونی مووچەکانیان لەگەڵ هەڵاوسان و گرانی مانیان گرتووە و ناڕەزایەتییان نیشان داوە.