کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانۆڕی نیزامیی \" الی بیت المقدس\" لە شاری سنە بەڕێوە چوو

21:42 - 16 خەزەڵوەر 2715

کوردستان میدیا: بە بەشداریی ١٣ گوردان، مانۆڕی نیزامیی الی بیت المقدس بە مەبەستی ڕاهێنان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر ئەگەرێكی ناوچەیی لە شاری سنە بەڕێوە چوو.

فەرماندەی سپای بیت المقدسی پارێزگای كوردستان ڕایگەیاند كە: ئەو مانۆڕە كە لەسەر ئاستی پارێزگاكانی ئێران بەڕێوە دەچێت، بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر چەشنە هەڕەشەیەك و هەروەها دەستنیشانكردنی خاڵە بەهێز و لاوازەكانی هێزە خەڵكییەكان لە چوارچێوەی بەسیج و هەروەها نیشاندانی تواناكانی وڵاتە.

سەردار محەممەد حسێن ڕەجەبی، لە درێژەدا هەروەها گوتی كە تەواوی هەڕەشەكانی سەر وڵات و پارێزگا سنوورییەكان دیاری كراون و هێزی بەسیجی ئەم شارەش لە چوارچێوەی ئەو مانۆڕەدا، پرۆڤە و ئامادەكاری بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هەڕەشانە دەكەن.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند كە پاراستنی كووچە و كۆڵان، كۆنتڕۆڵی حەشیمەت، ڕزگاركردن و فریاكەوتن، پاراستنی هەستیار و حەیاتی، كۆنتڕۆڵی شوێنە گشتییەكان، خزانە نێو خەڵك بە مەبەستی كۆكردنەوەی زانیاری و عەمەلیاتی دووبارە ستاندنەوە، بەشێك لەو تاكتیكانەن كە لەو مانۆڕەدا ڕاهێنانی بۆ كراوە.

ناوبراو هەروەها لە كۆتاییدا ئاماژەی بەوە كرد كە، مانۆڕی الی بیت القدس بە بەشداریی زیاتر لە ٢٠ هەزار بەسیجی لە گوردانە جۆراوجۆرەكانی وەك الی بیت المقدس، عاشوورا، گوردانەكانی ئیمام حسێن، الزەهرا، كەوسەر و ئیمام عەلی لە شارە جیاجیاكانی ئەو پارێزگایە بەڕێوە چوو.