کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"ماهان ئەیر" لە بێرلین و پاریس قەدەغە کرا

16:21 - 29 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: لە درێژەی چڕتڕکردنەوەی گەمارۆ ئابوورییەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، دەوڵەتی فەرانسە، فڕینی فڕۆکەکانی "ماهان ئەیر"ی ڕێژیمی ئێرانی بۆ ئەو وڵاتە قەدەغە ڕاگەیاند.

شیرکەتی فڕۆکەوانیی "ماهان ئەیر"ی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە لایەن دەوڵەتی پاریسەوە تەحریم کرا و فڕۆکەکانی ئەو شیرکەتەی ڕێژیمی ئێران ئاسمانی فەرانسەیان لێ قەدەغە کرا.

دوای ئەوەیکە دەوڵەتی ئاڵمان فڕینی فڕۆکەکانی "ماهان ئەیر"ی بۆ وڵاتی خۆی قەدەغە کرد، فەرانسەش پێبەندی ئەو بڕیار بوو.

 چاودێرانی سیاسی تەحریمی شیرکەتی فڕۆکەوانیی "ماهان ئەیر" کە سەر بە ڕێژیمی ئێرانە، بە پەیامێکی جیددیی ئورووپا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران وەسف دەکەن ئەویش ئەوەیە کە دەبێت ئەو ڕێژیمە پێبەندی بڕیارەکانی کۆمەڵگای جیهانی بێت.

شیرکەتی ماهان ئەیر، لە ساڵی ٢٠١١، بە تاوانی خزمەتگوزاری بە هێزەکانی سپای پاسداران و گواستنەوەی چەک و هێزەکانی سپای پاسداران بۆ لوبنان و سوریە و ئاسانکاری و پاڵپشتی لە هێزی تێرۆریستیی سپای قودس و پاڵپشتی لە تێروریزم لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، خرایە لیستەی گەمارۆکانی ئامریکا.

 هەڵوێستی ئامریکا لە پەیوەندی لەگەڵ نەخش و پاڵپشتی شرکەتی ماهان ئەیر لە تێرۆریزم، بە تەواوەتی ڕوونە و ئەو کردەوەی وەزارەتی خەزێنەداری لە بەرامبەر ماهان ئەیر، هەڵگری ئەو پەیامەیە کە شیرکەتە هەوانەوەردییەکان دەبێ بە زووترین کات پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ ماهان ئەیر بپچڕێنن و ئەگەر درێژە بە پەیوەندییەکانیان بدەن، لەگەڵ جەریمەی قورس بەرەوڕوو دەبنەوە.