کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"ماهان ئەیر" هۆکاری سەرەکیی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنایە

11:32 - 23 رەشەمه 2719

بەرپرسانی ڕێژیم دانیان بەوەدا ناوە کە هۆکاری سەرەکیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێراندا شیرکەتی فڕۆکەوانیی ماهان ئەیرە.

دۆخی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێراندا بە شێوازێکە کە بەرپرسانی ڕێژیم ناتوانن نکۆڵی لە کردەوە نامرۆڤانەکانیان بەرانبەر بە خەڵک بکەن.

"بەهرام پارسایی"، وتەبێژی کومیسیۆنی ئەسڵی ٩٠ی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، ڕایگەیاندووە: "ڕێکخراوی فڕۆکەوانی کە پێشی بە گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران بۆ چین نەگرت، لەگەڵ شیرکەتی فڕۆکەوانیی ماهان ئەیر، لە تاوانبارە پلە یەکەکانی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە ئێراندان".

ناوبراو هەروەها وتوویەتی، وڵاتی ئێمە وەکوو زۆربەی وڵاتانی تر خاوێن بوو و ئەگەر بمانەوێت تاوانبارەکانی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستنیشان بکەین، تاوانبارە سەرەکییەکان ئەو کەسانەن کە هۆکاری هاتنی ڤایرۆسەکە بۆ ئێران بوون  کە تێچووەکی گیانی و ماڵی و دەروونیی قورسی بۆ وڵاتەکە بەدواوە بوو.

پارسایی هەروەها وتوویەتی: "ئەگەر دەروازەکانی هاتنەژوورەوە بە باشی کۆنترۆڵ کرابا و گەشتە ئاسمانییەکان بۆ چین ڕاگیرابا، ئەمڕۆ ئەم تێچووانەمان نەدەدا".

گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران بۆ چین لە حاڵێکدا درێژەی هەبوو کە تەواوەتی وڵاتەکانی جیهان گەشتە ئاسمانییەکانی خۆیان بۆ چین ڕاگرتبوو.

"ماهان ئەیر" بۆ پاساوی درێژەدان بە گەشتەکانی باسی لەوە کردبوو کە بۆ هاوردەکردنی کەلوپەلی پزیشکی دەچێتە ئەو وڵاتە بەڵام لە هەمان حاڵدا هەم لە ئێرانەوە موسافیری بۆ چین دەبرد و هەمیش موسافیری وڵاتەکانی دیکەی جێبەجێ دەکرد.

ئەو ئیدعایەی ماهان ئەیر بەنیسبەت هاوەردەکردنی کەلوپەلی پزیشکی لە کاتێکدایە کە پزیشک و پەرستارەکانی ئێران هەتا ئێستاش کەلوپەلی پێویستیان بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەو پەتایە نییە.