کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ماوەی سیاسەتی دابەزاندنی بەرهەمهێنانی نەوتی گرووپی "ئۆپێک" درێژتر دەبێتەوە

12:47 - 9 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕووسیە و عەرەبستان سەبارەت بە درێژکردنەوەی ماوەی سیاسەتی دابەزاندنی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتەکانی ئەندام لە گرووپی "ئۆپێک پلاس"، ڕێککەوتنیان کرد.

"ویلادیمێر پووتین"، سەرکۆماری ڕووسیە و "محەممەد بن سەلمان"، وەلیعەهدی عەرەبستان، لە پەراوێزی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانی وڵاتانی گرووپی ٢٠، پێکەوە سەبارەت بە سیاسەتی وزەیی دوو وڵات و بڕیاردان سەبارەت بە بڕیاری درێژکردنەوە یان نەکردنەوەی ماوەی بەرتەسککردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، وتووێژ و چاوپێکەوتنیان کرد.

هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز"، ڕۆژی یەکشەممە، ٩ی پووشپەڕ، هەواڵێکی سەبارەت بە ڕێککەوتنی "پووتین" و"بن سەلمان"، بەنیسبەت درێژکردنەوەی ماوەی ئەو سیاسەتە بڵاو کردەوە و ڕایگەیاندووە کە ئەو بڕیارە لە دەستپێکی بەڕێوەچوونی دانیشتنی ئۆپێک لە ڤییەن دەردەکرێت.

وڵاتەکانی ئەندام لە "ئۆپێک"، بۆ هاوئاهەنگی و هاوکاری لەگەڵ ڕووسیە، لە ئاخرین ڕۆژەکانی ساڵی ڕابردووی زایینیدا سەبارەت بە دابەزاندنی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو، ڕێککەوتنیان کردبوو.

ئامانج لەو سیاسەتە، بردنەسەرەوەی نرخی نەوت و دروستکردنی سەقامگیری لە بازاڕە جیهانییەکاندا ڕاگەیەندرابوو، کە ماوەی شەش مانگی بۆ دانرابوو و ڕۆژی یەکشەممە، ٩ی پووشپەڕ، کۆتایی پێهات.