کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ماڵئاوایی ژنان لە خولی یاریی تۆپی پێ

12:53 - 10 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ماڵئاوایی ژنانی یاریگەی "ڕاهـیابی میلەلی مەریوان" لە خولی یاریی تۆپی پێی ژنان.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، پاش چەند ڕۆژ دوای کۆتاییهاتنی کێبڕکێکانی یازدەهەمین دەورەی خولی یاریی تۆپی پێ، یاریگەی "ڕاهـیابی میلەلی مەریوان" کە مەقامی چوارەمی ئەم خولانەی بەدەست هێنابوو، لە لاپەڕەی ئینستاگرامیی خۆیاندا بەفەرمی ماڵئاواییان لەم یارییە کرد.

"موزەفەر بیگلەر"، بەرپرسی کۆمپانیای "ڕاهـیاب"، لە لاپەڕەی ئینستاگرامیی فەرمیی یاریگەکەیاندا نووسیویەتی: "سەرەڕای دەستخۆشیکردن لە کچانی یاریزانی تۆپی پێ، کادری فەنی، ئیدارەی "وەرزش و جەوانانـ"ـی مەریوان و سپاس لە هەموو ئەو کەسانەی کە یارمەتیدەرمان بوون کە یاریی تۆپی پێی ژنان وەکوو یاریی تۆپی پێی پیاوان بێت تا ببێتە هۆکارێک بۆ بەرەوپێشچوون و پێگەیاندنی ژنان، شتێک کە لە ئێستادا بوونی نییە. سێ ساڵ بە بوونی کێشە ماڵییەکان، کۆمپانیای "ڕاهـیاب" بە ڕێزگرتن لە ژنان، ئەوپەڕی هەوڵی خۆی  لە سنە و مەریواندا خستە گەڕ تاکوو ژنان خۆیان ببیننەوە، بەڵام بەداخەوە کەمترین پێشوازییان لێکرا، تەنانەت لە لایەن خودی ژنانیشەوە".

هەوڵدان بۆ ئامادەبوونی ژنان لە یاریگەکان و بەشداریکردنیان لە یارییەکان، لەمێژە دەستی پێکردووە و تا ئێستا بە شێوەی فەرمی، ژنان ئیزنی ئامادەبوونیان و بەردەوامبوونی یاریکردنەکانیان لە لایەن دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە پێ نەدراوە.

ژنان لە کۆمەڵگای ئێراندا، نەتەنیا لەم بوارەدا، بەڵکوو بە هەموو شێوەیەک لە لایەن دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئێرانەوە، دەچەوسێنەوە.