کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ماڵخوراونی بورس لە بەردەم مەجلیسی رێژیمی ئێران دروشمیان دەدا "ڕەئیسی درۆزنە"

17:54 - 30 بەفرانبار 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، کۆمەڵێک لە پشکداران و ماڵخوراوانی بازاڕی بورس لە بەردەم مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

لەو کۆبووەنەوەیەدا بە دروشمی وەکوو "هەرگیز نەتەوەیەک ئەو هەمووە نادادپەروەرییەی نەدیتووە" و "بەڵێنیی سێ ڕۆژە، پارەی خەڵک دەسووتێ" دژکردەوەیان پیشان دا.

ناڕازییەکان، دەوڵەت، مەجلیس و شەخسی "ئیبراهیم ڕەئیسی" سەرکۆماری ڕێژیمی ئێرانیان بە درۆزن وەسف کرد، هەروەها وتیان کە بەڵێنییەکانیان جگە لە کۆمەڵێک دروشم لە کاتی هەڵبژاردنەکان هیچی دیکە نییە.

هەروەتر دژی "محەممەد ڕەزا پوورئیبراهیمی" سەرۆکی کۆمیسیونی ئابووریی مەجلیسی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دروشمیان دا و لەسەر پلاکاردێک نوسیبوویان "بەڕێز ئیبراهیمی ئێمە لە کایە و فرتوفێڵی ئێوە تێگەیوین".

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ئیرانا"ی ڕێژیمی ئێران، پێوەری گشتیی بورسی دراوی بازرگانیی "تاران" بە ٥٥ هەزار یەکەی دابەزین لەچاو حەوتووی ڕابردوو بە ١ ملیۆن و ٢٧٩ هەزار یەکە گەیشتووە.

لەلایەکی دیکە خۆپیشاندەران داوایان دەکرد "ئێحسان خاندووزی" وەزیری ئابووری لەسەر کار لابچێت.ڕۆژی ڕابردووش لە نێوان پشکداران و بەڕێوبەرانی بورس لە بانکی "دێی" شەڕ و تێکهەڵچوون هاتووەتە ئاراوە.

ڕۆژنامەی "دونیای ئیقتساد" بڵاوی کردووتەوە لە گەلاوێژی ساڵی ڕابردووەوە هەتا ئێستا کە پێوەری گشتیی بورس ٣٥ لەسەدی دابەزین هەبووە، نزیک ١٠٠ میلیارد تمەن سەرمایە لە بازاڕی بورس چووەتە دەرەوە.

عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئیران و بەرپرسانی پلەبەرزی ئەو ڕێژیمە چەندین جار خەڵکیان هان داوە هەتا سەرمایەکانی خۆیان لە بورس دابنێن و ئیدعایان کردبوو کە بورسی ئێران یەکێک لە ئەمنترین بوورسەکانی جیهانە.