کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ماڵپەڕی تووریستی "بووکینگ" ئێرانی لە لیستەی خزمەتگوزارییەکانی خۆی هێنایە دەرەوە

18:31 - 27 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: ماڵپەڕی جیهانی "بووکینگ" کە تایبەتە بە دانی زانیاری و خزمەتگووزاری تووریستی و گەشتیاری لە سەرتاسەری جیهاندا، بە گەڕانەوەی گەمارۆکانی ئامریکا، وڵاتی ئێرانی لە لیستەی خزمەتگوزارییەکانی خۆی هێنایە دەرەوە.

بەپێی ئەم هەواڵە ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی بەڵێنی دابوو تاکوو پاش بەرجام گیانێکی نوێ بە بازاڕی بێ‌گیانی تووریزم بداتەوە، بەڵام بە هاتنە دەرەوەی ناوی ئێران لە لیستەی خزمەتگووزارییەکانی "بووکینگ"، زەبرێکی قورس وەبەر ئاژانسە موسافرییەکانی ئێران دەکەوێت.

بووکینگ بەشێوەی فەرمی ئەم هەواڵەی لە ماڵپەڕەکەیدا ڕووماڵ کردووە و ڕایگەیاندووە: بووکینگ هەموو پێوەندییە بازرگانییەکانی خۆی لەگەڵ کۆمپانیا کۆن و نوێ ئێرانییەکان دەپچڕێنێ و هەروەها هیچ پێوەندییەکیشی لەگەڵ هۆتێل و کۆمپانیا ئێرانییەکانی پێوەندیدار بە سەنعەتی تووریزمەوە نامێنێ.

ڕێژیم لە پاش بەرجام بەڵێنی ئەوەی دابوو کە تاکوو ساڵی ١٤٠٤ سەرنجی لانیکەم ٢٠ میلیۆن گەشتیاری جیهانی بۆ لای ئێران ڕابکێشێ کە بەشێوەی نێونجی هەر کامەیان ١٢٠٠ دۆلار ئەرز هاوردەی ئێران بکەن کە یەکسانە لەگەڵ داهاتی ٣٠ بەرمیل نەوت؛ بەمشێوەیەش بتوانێ وەک جێگرەوەی سەنعەتی نەوت کەڵکی لێوەربگرێ کە سەرکەوتوو نەبووە.

ئەم ڕەوشە نالەبارەی سەنعەتی تووریزمی ئێران لەحاڵێکدایە کە بەپێی دوایین زانیارییە فەرمییەکان وڵاتی تورکیە بە ڕەچاوکردنی سیاسەتە لۆژیکییەکان لەمەڕ پەرەدان بەم سەنعەتە، توانیویەتی ساڵانە زیاتر لە ٣٣ میلیارد دۆلار داهات لەڕێگەی ڕاکێشانی لانیکەم ٣٦ میلیۆن گەشتیار بۆخۆی دابین بکات و هەلی کار بۆ زیاتر لە ١ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس لە بێکارانی وڵاتەکەی بڕەخسێنێ.