کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ماڵپەڕەکانی ڕێژیم دانیان بە دۆخی نالەباری وڵاتدا نا

17:31 - 19 رەشەمه 2719

ماڵپەڕەکانی ڕێژیم باس لە دۆخی نالەباری ئێران لە قەیرانی کۆرۆنادا دەکەن و بڵاویان کردووەتەوە ئەگەری خراپتربوونی دۆخەکە لە ئارادایە.

بەشێک لە هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕاپۆرتگەلێکی جیاوازدا باسیان لە دۆخی ناجێگیری خەڵک بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کردووە و بڵاویان کردووەتەوە ئامارەکان لەگەڵ ڕاستییەکان یەک نین و ئاماری تووشبووان و قوربانییان زۆر زیاترە.

لەو ڕاپۆرتانەدا هاتووە، دوکتور و کادری دەرمانیی پێویست بۆ بەرەنگاری لەگەڵ نەخۆشیی کۆرۆنا نییە و ئەو هەژمارەش کە لە نەخۆشخانەکان کار دەکەن، ماندوو بوونە و توانای کارکردنیان نییە.

هەندێک لە پزیشکەکان دەستیان لە کار کێشاوەتەوە و هەروەها هەژمارێکیش لە پزیشک و پەرستارەکان گیانیان لەدەست داوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا ئاماژە بە نەبوون و کەمبوونی کەرەستەی خاوێنکردنەوە و بەرگریکردن لە ڤایرۆس، وەک دەستەوانە و دەمامک و شلەی خاوێنکەرەوە و... هتد کراوە کە خەڵکی تووشی کێشە کردووە و دیار نییە بە درێژەکێشانی ئەو قەیرانانە چ ڕوو بدات.