کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مایك پێنس: دەبێ دنیا بەتوندی دژی ئێران بووەستێتەوە

11:44 - 4 رێبەندان 2719

لە  ٧٥ـەمین ساڵوەگەڕی هۆلۆكاستدا، "مایك پێنس"، جێگری سەرکۆماری ئامریکا ڕایگەیاند، پێویستە دنیا بەتوندی و بەهێزییەوە دژ بە ڕێژیمی ئێران بووەستێتەوە.

٧٥ـەمین ساڵوەگەڕی هۆلۆکاست  لە گرتووخانەی "ئاشۆفیتس" که لە قودس بەڕێوە چوو، مایک پێنس باسی لەوە کرد، پێویستە بۆ ڕووبەڕبوونەوە لەگەڵ دژایەتی و توندوتیژی ئامادە بین.

کۆبوونەوەی هۆلۆکاست بە بەشداریی ٤٠ ڕێبەری جیهان بەڕێوە چوو.

هاوكات "بێنیامین نێتانیاهوو"، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە وتاری خۆیدا، داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد كە ڕێكاری خێرا دژ بە سەركوتكاریی ڕێژیمی ئێران بگرنە بەر.

ڕێژیمی ئێران لە دەنگ و ڕەنگی خۆیدا بەردەوام باس لە لەنێوبردنی ئیسرائیل دەکات و هەتا ئێستا چەند ڤیدیۆی لەمبارەوە بڵاو کردووەتەوە.

 خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران بە ئاشکرا باس لە وێرانکردنی "تەلاڤیڤ و حەیفا" دەکات.

ساڵی ٢٠١٨ ڕیژیمی ئێران گرته ڤیدئیۆی "٧ خولەک هەتا تەلاڤیڤـ"ـی بڵاو کردەوه. لەو ڤیدیۆیەدا ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە مووشەکەکانی خۆی سەرجەم شوێنە حکوومەتییەکانی ئیسرائیل وەک: "پارلمانی ئیسرائیل، وێستگەی ناوکی، کەناراوی حەیفا و بۆرجە گرینگەکانی ئیسرائیل" و چەندین شوێنی دیکە مووشەکباران دەکات.

ڕێژیمی ئێران هەر هەمان ساڵ، لە ڤیدیۆیەکدا لەژێر ناوی "عاشقی موبارزە" که لەلایەن دامەزراوەی تەبلیغاتیی "ئەوج" بەرهەم هاتبوو، چۆنیەتیی هێرش و لەشکرکشی بۆ سەر ئیسرائیلی بڵاو کردەوە.

دامەزراوەی تەبلیغاتیی "ئەوج"، هەروەها پووستێرێکی بڵاو کردبووەوە کە وێنەیەک لە شاری ئورشەلیم (بەیتولموقەدەس) و چواردەوری ئورشەلیم بە ئاڵاکانی ڕێژیمی ئێران، یەمەن، فەلستین، عێراق و حیزبوڵڵا نەخشێندراوە.