کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مایک پۆمپێئۆ: هەوڵی سازانی ئامریکا لەگەڵ ئێران، ئیسرائیل ناچار دەکات دژی ڕێژیمی ئێران دەست بۆ هەوڵی نیزامی ببات

10:51 - 21 رەزبەر 2721

''مایک پۆمپێئۆ'' وەزیری دەرەوەی پێشووی ئامریکا وتوویەتی کە هەوڵی سازانی ئامریکا لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، ئەو ڕێژیمەی ڕوودارتر کردووە و ئەمە لە ئاکامدا ئیسرائیل ناچار دەکات دژی ڕێژیمی ئێران دەست بۆ هەوڵی نیزامی ببات.

''پۆمپێئۆ'' ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی ڕەزبەر کە  لە ڕەوتی دەهەمین کۆنفڕانسی ڕۆژنامەی ''ئورشەلیم پۆست'' قسەی دەکرد، وتی کە بڕیاری دەوڵەتی ''ترامپ'' لەمەڕ هاتنە دەرەوە لە ڕێککەوتنی بەرجام لەگەڵ ئێران کارێکی دروست بووە و سیاسەتەکانی دەوڵەتی پێشووی ئامریکا جیهانی لە ئاژاوەگێڕییەکانی ڕێژیمی ئێران ئەمنتر کردبوو.

وەزیری دەرەوەی پێشووی ئامریکا وتی: ''ئێمە ڕێژیمی ئێرانمان لە دەستپێڕاگەیشتن بە سەرچاوەکان بێبەری کرد و تواناییەکانی بۆ دروستکردنی هەڕەشە لە ناوچەکە سنووردار کرد. هێرشی ئێمە بۆ سەر قاسم سلێمانی نیشاندەری ئێرادەی ئێمە بۆ بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی ئامریکا لە جیهاندا بوو، ڕێگایەک کە ئێمە گرتبوومانە بەر، نەیدەهێشت ئێران دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگات''.

ناوبراو باسی لەوەش کرد کە ئەگەر دەوڵەتی ترامپ دوو ساڵی دیکە لە دەسەڵاتدا بووایەت، هاوکاریی نێوان ئامریکا و ئیسرائیل دەیتوانی پێش بە چالاکییە ناوکییەکانی ئێران بگرێت و هیچکات ئیزنمان نەدەدا کە ئێران دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگات.