کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مایک پۆمپێئۆ: ئورووپا نابێت پشتیوانی لە ڕێژیمی ئێران بکات

11:26 - 8 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی ئامریکا ڕێگاچارەی ئورووپا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ڕێژیمی ئێران و بۆ دەورلێدانەوەی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکا دژی ڕێژیمی تاران؛ وەک پشتیوانی لە گەورەترین وڵاتی پشتیوان لە تێرۆریزم وەسف کرد.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان "مایک پۆمپێئۆ" وەزیری دەرەوەی ئامریکا ڕایگەیاندووە، لەوەیکە لایەنەکانی پابەند بە بەرجام لە هەوڵ دان ڕێگاچارەیەک بدۆزنەوە بۆ ئەوەی کە گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکا دەور لێ بدنەوە وتی کە زۆر بەداخم.

ئەو بەرپرسە پلەبەرزەی ئامریکا باسی لەوەش کرد، من لەو کارەی ئورووپا زۆر نیگەرانم و ئەوەش یەکێک لە زیانبەخشترین بڕیارەکانی ئورووپایه؛ چونکە ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا دەخاتە مەترسییەوە.

ناوبراو ڕوو لە وڵاتانی ئورووپایی گوتوویەتی، ئێوە بە پاراستنی داهاتەکانی ڕێژیمی ئێران، ئەو ڕێژیمە وەک یەکێک لە گەورەترین پشتیوانانی تێرۆریزم، بەهێزتر دەکەن. من دڵنیام ئاخونده گەندەڵەکان و سپای پاسداران دەبێت ئەو بەیانییە زۆر پێکەنیبن.

لەو پێوەندییەدا "جان بۆلتۆن" ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نەتەوەیی ئامریکا بە نیسبەت ئەو بڕیارەی ئورووپا باسی لەوە کرد، ئەو یەکیەتییە بە قسە بەهێزه بەڵام بە کرداردا زۆر لاوازه.

لە داوی کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام و پەسندکردنی گەمارۆی نوێ دژی ڕێژێمی ئێران، ئورووپا لە هەوڵ دایە ڕێگایەک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بدۆزێتەوە.

پاش کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام، هەندێک لە کۆمپانیا بیانییەکان کە لە ئێراندا چالاکیان دەکرد، لە ئێران کشانەوە، بە تایبەت کۆمپانیا ئوروپاییەکان کە پابەندن بە ڕێککەوتننامەی بەرجام، بەڵام پاش ئەوەیکە ئامریکا گەمارۆکانی لەسەر ئێران دووبارە کردەوە، ئەو کۆمپانیانەش دەستیان کردووە بە هەڵوەشاندنی گرێبەستەکانیان لەگەڵ ئێران