کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مایک پۆمپێئۆ پەیامێکی ڕوو لە خەڵکی ئێران بڵاو کردەوە

17:17 - 18 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: مایک پۆمپێئۆ، وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕایەڵەی تویتێری خۆیدا بۆ پشتیوانی لە خەڵک و ئازادیخوازانی ئێران پەیامێکی بڵاو کردەوە.

مایک پۆمپێئۆ، وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە تویتێکدا کە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە ڕایەڵەی تویتێری خۆی بە زمانی فارسی ڕوو لە خەڵکی ئێران و ئازادیخوازانی ئەم وڵاتە پەیامی هاوپێوەندی خۆی بڵاوی کردەوە و جارێکی تر پاڵپشتی وڵاتەکەی لە خەڵکی ناڕازی ئێران دەربڕی.

مایک پۆمپێئۆ، سەرەڕای ئەوەیکە لە یەک ساڵی ڕابردوودا چەندین جار پاڵپشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای لە خەڵکی ناڕازی ئێران بەرانبەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەربڕیوە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا و لە تویتێکدا کە بە زمانی فارسی نووسیویەتی ئەم پاڵپشتییەی دووبارە کردۆتەوە؛ لە پەیامەکەدا هاتووە: "ویلایەتە یەکگرتووەکان بە پاڵپشتی لە خەڵکی ئێران هاودەنگی خۆی لەگەڵیان دەردەبڕێت. خەڵکی ئێران زیاتر لە چل ساڵە بە دەست نابەرپرسان و گەندەڵی ئابوورییەوە گەورەترین زیانیان پێ گەیشتووە".

وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە بەشێکی تری تویتەکەیدا لە سەر چەواشەکارییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە گەمارۆکانی ئەمریکا، نووسیویەتی: "بە پێچەوانەی ئەوی کە ڕێژیمی ئێران باسی دەکات، گەمارۆکانی ئێمە، فرۆشی خواردەمەنی، بەرهەمەکانی باخداری، دەرمان و کەرەستەکانی پزیشکی ناگرێتەوە".

هەروەها مایک پۆمپێئۆ، دوو ڕۆژ پاش جێبەجێ کردنی قوناغی دووهەمی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، لە وتوێژێکدا لەگەڵ "فاکس‌نیوز" ڕایگەیاندبوو: "ئێمە لە هەوڵداین تاکوو وێڕای پشتیوانی لە خەڵکی ئێران کە شیاوی ژیانێکی باشن، کۆماری ئیسلامی ناچار بکەین واز لە سیاسەتە ئاژاوەگێڕانە و تێکدەرانەکانی بهێنێت؛ ئەمە ئامانجی ئێمەیە و مەئموریەتێکە کە لەلایەن سەرۆکەوە پێمان سپێردراوە".

قۆناغی دووهەمی گەمارۆکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ سەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ۱۳ی خەزەڵوەر بەرانبەر بە ٤ی نۆڤامبر، چووە بواری جێبەجێ کردن.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا کاربەدەستانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سەر گوشار و گەمارۆکانی ئەو وڵاتە بۆ سەر ئێران، زۆر جار ڕایانگەیاندووە کە مەبەست لە گوشارەکانی ئەمریکا خەڵکی ئێران نییە، بەڵکوو ئامانجیان کۆتایی هێنان بەو ستەمکاریانەیە کە ڕێژیم بەرانبەر بە خەڵکی خۆی دەیانکات و  پێشگرتنە لە دەستێوەردان و کارە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی ناوچە و جیهان.