کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مایک‌ پۆمپێئۆ ڕوو لە خەڵکی ئێران: شیاویی ئێوە زۆر لەو شۆڕشە بێبەرهەمە زیاترە

11:29 - 5 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی ئامریکا زۆر بەتوندی ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران گرت و پشتیوانی وڵاتی ئامریکای لە خەڵکی ئێران ڕاگەیاند.

مایک پۆمپێئۆ لە دوایین دانیشتنی خۆیدا، ڕوو لە خەڵکی ئێران ڕایگەیاند: "پێبەندبوونی ئێمە بە پشتیوانیکردنی ئێوە تەنیا لە قسەکردندا تەواو نابێت، ئامریکا گوێ لە دەنگی ئێوەیە و لە پاڵ ئێوەدا ڕادەوەستێ، ئێمە پشتیوانی لە مافەکانی ئێوە وەک خەڵکانێکی ئازاد، لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتێک کە ڕێز لە داخوازییەکانتان بگرێت دەکەین. شیاویی ئێوە زۆر لەو شۆڕشە بێبەرهەمە زیاترە، کە لە لایەن ڕێبەرانی گەندەڵەوە بەسەرتاندا سەپاوە".

مایک پۆمپێئۆ بۆ یەکەمجار ئاماژەی بە دامەزرێنەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا وتی: "ئایەتوڵڵا خومەینی، لە ساڵی ١٣٥٧ بەڵێنی لەنێوبردنی هەژاری و باشترکردنی دۆخی ژیانی بە زۆرێک لەو کەسانە دا، کە بە شێوەی جیاواز زوڵمیان لێ کرابوو، بەڵام ئێستا بە هۆی سیاسەتە دۆڕاوەکانی ئەم ڕێژیمە، خەڵک لەگەڵ کەمئاوی و قەیرانەکانی ژینگەی بەرەوڕووە".

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا، لە بارەی کەمئاویی خەڵکی ئێرانەوە ڕایگەیاندوە، کە بەپێی قسەکانی خودی بەرپرسانی ڕێژیم زیاتر لە ٢٩٥ شاری ئێران لەگەڵ کەمئاوی بەرەوڕوون، لە کاتێکدا ڕێژیم بە شێوەیەکی نهێنی چەندین ساڵە بە میلیارد دۆلار خەرجی بەرنامە ناوکییەکەی دەکات. هەروەها وتی: "ڕێژیم زیاتر لە خەمی ئاوی قورسدایە هەتا ئاوی خواردنەوە".

وەزیری دەرەوەی ئامریکا باسی لە سیاسەتە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانی لە بەرانبەر خەڵکی ئێراندا کردووە، کە هەر ڕۆژە تۆمەتی دژە شۆڕش و فەساد لەسەر زەوی، پشتیوانی لە زلهێزە جیهانییەکان و چەندین تۆمەتی دیکە لە هاووڵاتییان دەدات و تەنانەت ئازادی پۆشینیشی لە خەڵکەکەی وەرگرتووە.

هەروەها لە بارەی گەندەڵیی بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە وتوویەتی: "یەک لەسەر سێی لاوانی ئێران بێکارن، بەڵام پارکینگەکانی بەرپرسانی باڵای ئەم ڕێژیمە پڕە لە ماشینە گرانەکان وەک ڕەنجڕۆڤەر و BMW.

هەر لەم ڕاستایەدا جان بۆڵتۆن، ڕاوێژکاری ئەمنییەتی سەرکۆماری ئامریکا، هۆشداری توندی بە ڕێژیمی ئیسلامی لە ڕاستای زیانگەیاندنی بە ئامریکا، هاووڵاتییانی و هاوپەیمانەکانی ئامریکا داوە و ڕایگەیاندووە: کە ئامریکا ئاکار و جموجووڵەکانی ڕێژیمی ئێرانی خستووەتە ژێر چاوەدێرییەوە و لەکاتی بینینی هەر پێ خوارکردنێک ئەم ڕێژیمە بە دژی بەرژەوەندییەکانی ئامریکا یا خود هاووڵاتییانی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی، کاردانەوەی توندیان دەبێت و ئەو ڕێژیم لەو هەڵەی کە کردوویەتی پەشیمانی دەکاتەوە.