کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مایک پۆمپێئۆ: کۆمەڵگای جیهانی بە گوشاری دیپلۆماتیک و ئابووری و گۆشەگیرکردنی ئێران، وڵامی ئەو ڕێژیمە بداتەوە

16:46 - 22 سەرماوەز 2720

''مایک پۆمپێئۆ'' وەزیری دەرەوەی ئامریکا بە دەرکردنی بەیانییەیەک، هەوڵی مەجلیسی ڕێژیمی ئێرانی لە پەیوەندی لەگەڵ پەرەپێدانی چالاکییە ناوکییەکانی ئەو ڕێژیمە مەحکووم کرد و وتوویەتی، ئەم هەوڵەی مەجلیسی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەبێ لەلایەن کۆمەڵگای جیهانییەوە گوشاری دیپلۆماتیک و ئابووری و گۆشەگیرکردنی ڕێژیمی لێ بکەوێتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئامریکا لەو بەیانییەیەدا وتوویەتی: ''ئامریکا ئەو یاسایەی کە لەلایەن مەجلیس و شورای نیگابانی ڕێژیمی ئێرانەوە پەسەند کراوە، محکووم دەکات''.

ناوبراو ئەم یاسایەی بە نوێترین فڕوفێڵی ڕێژیمی ئێران بۆ کەڵک وەرگرتن لە بەرنامەی ناوکیی خۆی بۆ ترساندنی کۆمەڵگای جیهانی ناو لێ برد.

''پۆمپێئۆ'' باسی لەوە کردووە کە ئەم یاسایە ئەگەر بەڕێوە بچێت، دەبێتە هۆی ئەوەیکە ئێران پیتاندنی ئورانیۆم هەتا ٢٠ لەسەد کە ڕێژەیەکی مەترسیدارترە پەرە پێبدات، ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئێران لە ئێستاشدا ئاستی دیاریکراوی پیتاندنی ئورانیۆمی پێشێل کردووە.

وەزیری دەرەوەی ئامریکا، کەمکردنەوەی هاوکاریی ئێرانی لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەویی وزەی ناوکی بە چوونەسەرەوەی گرژیی جیددی ناو لێ برد و وتوویەتی، کۆمەڵگای جیهانی نابێ گەمە مەترسیدارەکانی ڕێژیمی ئێران بەهۆی پەیوەندیی ئابوورییەوە پشتگوێ بخەن.