کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مایک پۆمپێئۆ: ئێران دەبێت واز لە تێرۆریزمی نێودەوڵەتی بهێنێت

11:31 - 10 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: مایک پۆمپێئۆ، ئێران دەبێت واز لە تێرۆرکردن و پاڵپشتیکردن لە تێرۆریزمی نێودەوڵەتی بهێنێت.

ڕۆژی دووشەممە ۹ی بانەمەڕ، مایک پۆمپێئۆ، وەزیر کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە کۆبوونەوەی شۆرای پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئامریکا، جارێکی تر جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ۱۲ مەرجی بۆ ڕێژیمی ئێران داناوە و دەبێت بەپێی ئەو مەرجانە وەکوو وڵاتێکی ئاسایی ئاڵوگۆڕ لە خۆیدا پێک بهێنێت و واز لە تێرۆرکردن و پاڵپشتی لە تێرۆریزمی نێودەوڵەتی بهێنێت، بەڵام تاکوو ئێستا بە هیچکام لەو مەرجانە پێبەند نەبووە.

مایک پۆمپێئۆ، لە بەشێک لە قسەکانیدا، وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە ئامریکا پێداگرە لەسەر ئەو ۱۲ مەرجە، وتی: "داواکارییەکانی ئێمە لە ڕێژیمی ئێران زۆر ئاسانە، کۆی ئەو داواکارییانەی ئێمە ئەوەیە کە دەبێت ڕێژیمی ئێران واز لە تێرۆرکردن و بەتایبەت تێرۆرکردن لە وڵاتانی ئورووپایی بهێنێت، واز لە پاڵپشتیکردنی گروو‌پە تێرۆریستییەکان و تێرۆریزمی نێودەوڵەتی بهێنێت و ڕێزی خەڵکانی وڵاتەکەی خۆی بگرێت، کە تاکوو ئێستا ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە هیچکام لەم چەند خاڵە پێبەند نەبووە".

وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان، لە درێژی باسەکەیدا بۆ جارێکی تر وێڕای دەستنیشانکردنی ڕێژیمی ئێران وەکوو سەرچاوەی تێرۆریزمی نێودەوڵەتی، ڕایگەیاند: ئێمە داوامان لە ڕێژیمی ئێران کرد کە لە خاکی وڵاتانی ئورووپایی خەڵک تێرۆر نەکات و پاڵپشتی لە تێرۆریستەکان و مرۆڤکوژانی گرووپی تێرۆریستی حیزبوڵڵای لوبنان نەکات.

ناوبراو لە بەشێکی تر لە قسەکانیدا وتی: "حووسییەکانی یەمەن لە سوئید لەگەڵ حکوومەتی ئەو وڵاتە به ڕێککەوتن گەیشتن و ڕێککەوتنیان کرد، بەڵام دواتر لەسەر داواکاریی ڕێژیمی ئێران ئەو ڕێککەوتننامەیان پێشێل کرد. حووسییەکان مووشەکیان نییە، بەڵام ڕێژیمی ئیسلامی پارە و چەکیشیان پێ دەدات. قاسم سلێمانی و ئایەتوڵڵاکان لە یەمەن ڕۆڵی سەرەکییان هەیە".

لە کۆتاییشدا باسی لە زەختی گەمارۆوەکانی سەر ڕێژیمی ئێران و بەتایبەت گەمارۆوە نەوتییەکان کرد و ڕایگەیاند: گەمارۆوە نەوتییەکانی سەر ڕێژیمی ئێران، بە مەبەستی گوشار بۆ سەر ئەو ڕێژیمە، نەبووەتە هۆکاری گرانبوونی بەهای نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، بەڵام ئەو گوشارانە کاریگەرییان لەسەر ڕێژیمی ئێران هەبووە.

ئامریکا، لە ڕێگای مایک پۆمپێئۆوە، ڕۆژی سێشەممە ۱ی جۆزەردانی ساڵی ڕابردوو، ۱۲ مەرجی بۆ ڕێککەوتن و دانۆستاندن لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا دیاری کرد، کە بەپێی ئەو مەرجانە لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا دانوستان دەکات و دەبێت ڕێژیمی ئێران بەو مەرجانە پێبەند بێت.

مەبەستی سەرەکیی دیاریکردنی ئەو ۱۲ مەرجە لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکاوە، کە سەرەکیترینیان وازهێنانی ڕێژیمی ئێران لە تێرۆرکردن و پاڵپشتی نەکردنی تێرۆریزمی نێودەوڵەتییە.