کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مایک پێنس: ئێمە شەر دەبەینە ناو قووڵایی خاکی ئەو وڵاتانە کە پاڵپشتی لە تێرۆریزم دەکەن

18:55 - 25 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: جێگری سەرکۆماری ئامریکا باسی لەوە کرد کە بۆ ''ئاشتی جیهانی'' و ''قازانجی خەڵکی ئێران'' کاتی ئەوەیە کە سێ وڵاتی ئورووپایی لە ڕێکەوتنامەی ناوکی لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسڵامیی ئیران بێنە دەرەوە.

مایک پێنس،ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٥ ڕێکەوتی ڕێبەندانی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە کۆنفڕانسی ئەمنییەت و داهاتووی ئاشتیی ڕۆژهەڵاتی نێوەراست لە وەرشۆ پێتەختی لەهێستان باسی لەوە کرد؛ کاتی ئەوەیە کە وڵاتانی ئورووپایی لە ڕێکەوتنی بەرجام بێنە دەرەوە.

پێنس جەختی کردووەتەوە کە لە ساڵی ١٣٨٨دا جیهان هەلی پشتیوانی لە خەڵکی ئێران و ئاشتی دونیای لە دەست داوە. جیهان دەبێ ئەو جار بە هانای خەڵکی ئێرانەوە بێت. ئابووریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی وێران بووە و خەڵک ڕژاونەتە سەر شەقامەکان.

نابراو، لە بەشێک لە قسەکانیدا سەبارەت بە ئێران گوتی: "ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ٤٠ ساڵ لەوە پێش هاتە سەرکار، کە گەورەترین هەرەشە بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و پیشتیوانی لە گرووپە تێرۆریستییەکانی وەکوو حیزبوڵڵا و حەماس دەکات.

ڕێژیمی ئێران  گوشاری بۆ خەڵک هێناوە . ئەوان لە سەردەمی خومەینیەوە  دروشمی سڕینەوەی ئیسرائیل دەدەن.

جێگری سەر کۆماری ئامریکا لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "کۆماری ئیسلامی بە ئاشکرا دەیهەوێ هۆلۆکاستێکی دیکە بەڕێوە ببات. لە سووریە ڕێژیمی بەشار ئەسەدی لە سەر دەسەڵات ڕاگرتووە. لە لوبنان جبەخانەی مووشەکیی بۆ گرووپی تیرۆریستیی حیزبوڵڵا درووست کردووە. لە یەمەن و عێراق یارمەتی گروپە میلیشیاکان دەکات.

جێگری سەرکۆماری ئامریکا جەختی کردەوە هەتا کاتێک کۆماری ئیسلامی ئاکار و ڕەفتارەکانی نەگۆرێت، ئێمە گوشارەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران درێژە دەدەین.