کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مایکرۆسافت ٩٩ وێبسایتی هەکێرە ئێرانییەکانی داخست

11:44 - 8 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: کۆمپانیا مایکرۆسافت ٩٩ وێبسایتی هەکێرە ئێرانییەکانی داخستووە، کە بۆ هێرشی سایبری بەکار هێنراوە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٧ی خاکەلێوە، کۆمپانیای مایکرۆسافت ڕایگەیاند، وێبسایتەکانی گرووپی "فۆسفۆر"ی داخستووە و لە ساڵی ٢٠١٣ـەوە چالاکییەکانی خستووەتە ژێر چاوەدێری.

کۆمپانیای مایکرۆسافت لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە، کە ئەم گرووپە  پێوەندییان لەگەڵ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بووە و بە هەوڵدان بۆ دزینی زانیارییە گرینگەکانی چالاکان، ڕۆژنامەنووسان و ناوەند و کۆمپانیاکانی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، یارمەتی ڕێژیمی ئیسلامییان داوە.

هەر بەپێی ئەم ڕاگەیەندراوە، ئەم گرووپە هەوڵی هەککردنی ڕێکخراوە و کۆمپانیا ئامریکایییەکانیشی داوە.

 پێشتر چەندین گرووپی هەکێری ئێرانی هەوڵی هەککردنی، ڕێکخراوە هەواڵدەرییەکانی ئامریکا، کۆمپانیا تایبەتییەکانی لە زانکۆوەکان داوە.

ڕێژیمی ئێران لە هەوڵدایە بە کەڵکوەرگرتن لە هەکێریی و هێرشی سایبری، ڕێگایەک بۆ دەوردانەوەی گەمارۆوەکانی ئامریکا بدۆزێتەوە، هەتا لەو ڕێگەوە زیاتر بتوانن درێژە بە کردەوە تێرۆریستی و ئاژاوەگێڕییەکانیان بدەن.