کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مایکێل میوکێزی: تەنیا ڕێگای کۆتاییهێنان بە هەڵسوکەوتی ڕێژیمی ئێران، کۆتاییهێنان بە ژیانی ئەو ڕێژیمەیە

18:58 - 28 پووشپەڕ 2720

''مایکێل میوکێزی'' دادوەری گشتیی پێشووی ئامریکا بەنیسبەت هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی و پشتیوانی لە تێرۆریزم هۆشداریی داوە و وتوویەتی کە تەنیا ڕێگای کۆتاییهێنان بە هەڵسوکەوتی ڕێژیمی ئێران، کۆتاییهێنان بە ژیانی ئەو ڕێژیمەیە.

''میوکێزی'' وتوویەتی، ئامانجی ڕێژیمی ئێران لە بەردەوامبوون لە بەرنامە ناوکییەکانی، دروستکردنی مووشەکی هەڵگری کڵاوەی ناوکییە، ئەوە نیشان دەدات هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی درێژەی هەیە.

ناوبراو وتوویەتی، تەقینەوەی ئەم دواییانە لە دامەزراوەی ناوکیی ''نەتەنز'' ئەگەرچی ئەم هەوڵانەی ڕێژیمی وەدوا خستووە، بەڵام ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە ڕێژیمی ئێران هیچ کات لە بەرنامەی بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی دەستی هەڵنەگرتووە.

دادوەری گشتیی پێشووی ئامریکا لە درێژەدا باسی لەوە کرد، پشتیوانیی بەردەوامی ڕێژیمی ئێران لە تێرۆریزم لە ڕوژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان نیشان دەدات کە ئەمە ڕێژیمێک نییە کە بیهەوێت وەکوو حکوومەتێکی ئاسایی هەڵسوکەوت بکات، بۆیە تەنیا ڕێگای کۆتاییهێنان بە هەڵسوکەوتی ڕێژیمی ئێران ئەوەیە کە کۆتایی بە ژیانی ئەو ڕێژیمە بهێندرێت.