کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مایکێل پریجێنت: ڕێژیمی ئێران تا بیست مانگی تر دەتوانێت دەوام بهێنێت

12:43 - 8 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: مایکێل پریجێنت، کارناسی باڵای ڕێکخراوەی هادسێن، لە کۆبوونەوەیەکدا کە بۆ لێکەوتەی بڕیاری ئامریکا لەسەر بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران گیرابوو، وتوویەتی: ڕێژیمی ئێران تا بیست مانگی تر دەتوانێت دەوام بهێنێت.

پریجێنت، لەم کۆبوونەوەدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە وێڕای بوونی ئەم گوشارانە لەسەر ڕێژیمی ئێران، دەبێ ئەم گوشارانە زۆرتر بکەین و بەم جۆرە ڕێژیمی ئێران تا بیست مانگی تر دەتوانێت دەوام بهێنێت و ناتوانێت خۆی بۆ ماوەیەکی زۆر بپارێزێت.

ناوبراو وتوویەتی: کە ڕێژیمی ئێران بە داواکردنی ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییان دەیەوێت ڕێگای دەرچوونێک بدۆزێتەوە و هیوادارە لەو تاکتیکەی کەڵک وەر بگرێت، کە لە دەوڵەتی پێشوودا و لە ڕەوتی دانوستانی ناوکیدا کەڵکی لێ وەرگرتبوو.

هەر لەم دانیشتنەدا، مایکێل پریجێنت، جەختی لەسەر ئەوە کردووتەوە، کە دوای بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران، پێویستە بنەماڵە و خزمانی سەر بە ڕێژیم لە ئامریکادا پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت، کە ئامریکا لە ئێستەدا بەئاسانی دەتوانێت ئەو کارە بکات، کارێک کە پێشتر نەیتوانیوە.