کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مجلیسی ڕێژیمی ئێران ناڕاشکاوانە گرێبەستی ٢٥ ساڵەی نێوان ئێران و چینی قەبووڵ کرد

18:29 - 15 خاکەلێوه 2721

''محەممەد باقر قالیباف'' سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لە دانیشتنی ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی خاکەلێوە، بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە "ئەو گرێبەستە دەتوانرا زۆر زووتر واژۆ کرابا'' وتوویەتی، ئەو گرێبەستە نەخشە ڕێگایەکی گشتییە و کاتێک ئەو گرێبەستە هاتە بواری جێبەجێکردنەوە، مەجلیس بڕیار دەدات.

قسەکانی ''قالیباف'' ئەوە دەردەخات کە مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لە دۆخی ئێستادا نیازی هاتنەنێو و تاوتوێی گرێبەستی هەمەلایەنەی ٢٥ ساڵەی نییە.

''محەممەد حوسێن فەرهەنگی'' وتەبێژی هەیئەتی بەڕێوەبەریی مەجلیس وتوویەتی، دانیشتنێکی نائاشکرا بۆ تاوتوێی ئەو گرێبەستە پێک هاتووە و تێیدا هاتووە کە هەرکات ئەم ڕێککەوتنە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، دەبێ لە مەجلیس خرێتە بەر باس.

لە بیاننامەی بەناو نوێنەرانی مەجلیس کە ئەمڕۆ ١٥ی خاکەلێوە دەر کراوە، لە واژۆکردنی ئەو گرێبەستە پێشوازی کراوە و جەختیان لەسەر ئەوە کردووە کە گرێبەستە دەرەوەستەکان کە لەسەر بنەمای ڕێککەوتنێکی گشتی پێک دێن، دەبێ بە پەسەندی مەجلیس بگات.

لە بەیاننامەی نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم، هیچ ئاماژەیەک لەسەر پێویستیی بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی ئەو گرێبەستە بۆ خەڵک نەکراوە. لە حاڵێکدا ئاشکرانەبوونی ناوەڕۆکی ئەو گرێبەستە کاردانەوەیەکی زۆری بە دوادا هاتووە.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٧ خاکەلێوە بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامی و چین دوای پێنج ساڵ وتووێژی نهێنی گرێبەستی هەمەلایەنەی ٢٥ ساڵەیان لە تاران واژۆ کرد کە ناوەڕۆکی ئەو گرێبەستە هەتا ئێستا بڵاو نەبووەتەوە.

بەنیسبەت واژۆکردنی ئەو گرێبەستە خەڵکی ئێران و ئۆپۆزیسۆنی ڕێژیمی ئێران بەتوندی ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕیوە و ئەو گرێبەستە بە واتای فرۆشتنی ئێران ناو لێ دەبەن.