کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

محەممەد باقری: لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئیسرائیل، کاردانەوەی ڕاستەوخۆمان دەبێت

19:27 - 6 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٦ـی پووشپەڕی ١٤٠١ـی هەتاوی، پاسدار "محەممەد باقری" سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی  ڕێژیمی ئێران باسی لە هەڕەشەکانی ئیسرائیل کردووە و وتوویەتی کە ئەو هەڕەشانە جێگای قەبووڵکردن نین و لە بەرامبەردا کاردانەوەی ڕاستەوخۆمان دەبێت.

ناوبراو لە دیدار لەگەڵ سەرۆکایەتی کۆمیتەی هاوبەشی ئەرکانی ئەرتەشی پاکستان وتوویەتی کە ئیسرائیل بە بەڕێوەبردنی کۆمەڵێک گەڵاڵەی تایبەت لە هەوڵی دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتان و دەستێوەردان لە کاروباری ناوچەکەدایە.

ئەو بەرپرسە باڵا نیزامییەی ڕێژیمی ئێران باسی لە ئەندامێتی ئیسرائیل لە "سێنتکام" و چەکە پێشکەوتووەکانی ئەو وڵاتە و بەشداریی ئیسرائیل لە مانۆڕە نیزامییەکانی ئەو دواییانەدا کردووە.

ئەو وتانەی "محەممەد باقری" بە دوای ئەوەدا دێن کە ڕۆژێک پێشتر ڕۆژنامەی "وال ئیستریت ژۆرنال" لە زمان بەرپرسێکی باڵای ئامریکا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بڵاوی کردبووەوە کە فەرماندە نیزامییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و بەرپرسە باڵا نیزامییەکانی ئیسرائیل و وڵاتە عەرەبییەکانی کەنداو بە مەبەستی دۆزینەوەی کۆمەڵێک ڕێکار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سیستەمی مووشەکیی ئێران کۆبوونەوەیەکیان پێک هێنابوو.

هەروەها "بێنی گانتز" وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕۆژی ٣٠ـی جۆزەردانی ١٤٠١ ڕایگەیاندبوو کە ئیسرائیل لە هەوڵی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی ناوچەیی بە پشتیوانی ئامریکا بە مەبەستی بەرەوڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی "ئێرانـ"ـدایە.