کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

محەممەد بن سەلمان: لەجێگەی هەر بەرمیل نەوتی ئێران، ئێمە دوو بەرمیل هەناردە دەکەین

12:07 - 15 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: شازادەی جێنشینی سعودییە ڕایگەیاند، کە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هیچ پەیوەندییەکی بە ئێرانەوە نییە.

محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی عەرەبستانی سعودییە، لە وتوێژێکیدا لەگەڵ بلومبێرگ ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی جێگەی نەوتی ئێران دەگرێتەوە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە جێگەی هەر بەرمیل نەوتی ئێران، سعودییە دوو بەرمیل نەوت هەناردەی بازاڕ دەکات.

شازادەی جێنشینی سعودییە لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە سعودییە و وڵاتانی دیکەی ئەندام لە ئۆپێک لە جیاتی نەوتی ئێران، نەوت هەناردە دەکەن و جێگەی نەوتی هەناردەکراوی ئێران دەگرنەوە.

لە درێژەی قسەکانیدا ناوبراو ڕایگەیاند: "ڕێژیمی ئێران هەناردەکردنی نەوتی بۆ ٧٠٠هەزار بەرمیل نەوت کەمکردووەتەوە و سعودییە و وڵاتانی دیکەی ئەندام لە ئۆپێک هەناردەکردنی نەوتیان بۆ ١\٥ میلیۆن بەرمیل زیاد کردووە".

هەروەها لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە مانگی ڕابردوودا وتی: "هۆکارەکەی ئێران نییە بەڵکوو بەهۆی ئەو کێشانەوەیە کە لە کانادا، لیبیا، وێنزوێلا و باقی وڵاتانی دیکەدا ڕوویداوە".

بڕیار وایە لە ڕێکەوتی ١٣ی خەزەڵوە،ر دەوری دووهەمی گەمارۆکانی ئامریکا لەبارەی نەوت و گاز بۆ سەر ئێران دەست پێبکات و بەهەموو شێوەیەک ڕێ لە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بگیردرێت.