کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

محەممەد یەزدی: ئاگاتان لە مەکری ژنان بێت!

13:56 - 13 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسی پێشووی دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئێران، لە نوێترین شێوازی سووکایەتیکردن به ژناندا، لە کۆبوونەوەی تەڵەبە حقۆقدانانەکانی ئێراندا، وتوویەتی: "ئاگاتان لە مەکری هەندێک لە پێوەندییە ڕەگەزییەکانتان بێت."

ئاخوند محەممەد یەزدی، بەرپرسی پێشووی دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئێران و هەروەها ئەندامی شۆرای نیگابانی رێژیم، لە تازەترین قسەکانی خۆیدا لە کۆبوونەوەی تەڵەبە حقۆقدانانەکانی ئێراندا وتوویەتی: "لەو ڕووەوە کە ژنان دەتوانن بە مەکر و فێڵ کاریگەری لە سەر دادوەرەکان دابنێن، دادوەرەکان ئیزن نەدەن کە ژنان بە تەنیا سەردانی شوێنی کارەکەیان بکەن."

یەزدی هەروەها وتوویەتی: "ژنان دەتوانن بە هەندێک مەکری تایبەت، لە سەر ڕەوتی دادوەری کاریگەری دابنێن؛ بۆیە من به حقۆقدانەکان ڕادەسپێرم کە ئیزن نەدەن ژنان بە تەنیا بێنە شوێنی کارەکەتان تا بتوانن ئەم پێوەندییانە کۆنتڕۆڵ بکەن."

قسەکانی یەزدی کە سووکایەتیکردنی دووبارە بە ژنانە لە حاڵێکدایە کە خۆی لە قسەکانیدا وتوویەتی: ژنان ڕۆڵ و پێگەیەکی زۆر گەورەیان لە ئیسلامدا هەیە! "

یەزدی پێشتریش پەرەسەندنی مۆسیقای بە حەرام ناو بردبوو و لەم بارەیەوە هۆشداریی جیدی دابوو به حەسەن ڕۆحانی، سەرکۆماری ڕێژیم و هەروەها عەلی جەننەتی، وەزیری ئیرشاد و وتبووی: لە ئیسلامدا گۆرانی وتنی ژن حەرامە."

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران، سەرەڕای ئەوەی کە ئاماژه به ڕۆڵی بەرچاوی ژن لە دنیای ئیسلامدا دەکەن، به گشتی لەگەڵ هەبوون و بەشداریی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ژناندا نین و ڕۆڵی ژنان لە پەروەردەی منداڵ و ماڵداریدا کورت دەکەنەوە.

بەرگری کردن لە ئازادییەکانی ژنان، پێشگرتن لە هەبوون لە نێو چالاکییە بە کۆمەڵەکان، بەرگری کردن لە چوونی ژنان بۆ نێو یاریگەکان، ئیزن نەدان بە وەرگرتنی پۆستەکانی سەرەوەی دەسەڵات و بە دەیان نموونەوی دیکە لەو هەڵاواردن و سووکایەتی کردنانەیە کە لە سیستمی دەسەڵاتدارێتی ڕێژیمی ئێراندا بەرانبەر بە ژنان ئەنجام دەدرێت.