کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

محەممەدجەواد زەریف: شەش مانگی دیکە لەگەڵ ئامریکا دانیشتن ناکەین

12:54 - 9 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئامادە نین لە ژێر گوشاری گەمارۆوەکانی ئامریکادا لەگەڵ ئەم وڵاتە دانیشتن بکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی حکومەتی ئیرنا، محەممەدجەواد زەریف، لە وتووێژێکیدا لەگەڵ کاناڵی تەلەفزیۆنی فۆنیکس، وتی: ڕێژیمی ئیسلامی ئیران ئامادە نییە لە ژێر گوشاری گەمارۆوەکاندا لەگەڵ ئامریکا، هەتا شەش مانگی داهاتوو، دانیشتن ئەنجام بدات.

محەممەدجەواد زەریف، ئەم قسانەی وەک کاردانەوەیەک بە لێکدانەوەی کارناسێکی چینی وتووە، کە وتبووی ڕێژیمی تاران ناچار دەبێت، هەتا شەش مانگی داهاتوو، لەگەڵ ئامریکا دابنیشێت و وتبووی: "ئێمە هیچ کات لەژێر هیچ بارودۆخێکدا لەگەڵ ئامریکا دانیشتن ناکەین، ئامریکایییەکان خۆیان مێزی وتووێژیان بەجێ هێشتووە و خۆشیان دەبێت بگەڕێنەوە سەر مێزی وتووێژ، باوەڕم وایە شرۆڤەکارانی چینی بەوە دەگەن، کە ئامریکا چارەیەکی دیکەی نابێت جگە لەوەی بڕیارەکەی بگۆڕێت".

وەزیری دەرەوەی ڕێژیم، هەروەها وتبووی: "ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، چاوەڕێی جێبەجێکردنی بەڵێنی ڕێوشوێنی داراییی ئورووپا بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی نەوت بە شتومەک ناکات".

زەریف وتیشی: کە ئورووپا گرینگترین لایەنی ئابووریی ئێران نییە و گرینگترین لایەنە ئابوورییەکانی ئێران، چین و ڕووسیە و وڵاتانی دراوسێن.

لێکۆڵەر و شرۆڤەکارانی سیاسی و ئابووری وای دەبینن، کە ڕێژیمی ئیسلامی ئێران لە ژێر گوشارە ئابوورییەکانی ئامریکادا لە کۆتاییدا ناچار دەبێت، داوای دانیشتن لە ئامریکا بکات، هەرچەندە هەتا ئێستا بەرپرسانی باڵای ڕێژیم، هەر جۆرە دانیشتنێکیان لەگەڵ ئامریکا بە قەدەغە ڕاگەیاندووە.