کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

محەممەدجەواد زەریف: هێندێک لە کاربەدەستانی دەوڵەتی ترامپ و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، ترامپ بەرەو شەڕ لەگەڵ ئێراندا ڕادەکێشن

18:16 - 7 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، لە وتووێژ لەگەڵ کاناڵیی ئاسمانیی "فاکس نیوز"دا، تۆمەتی لە هێندێک کاربەدەستی دەوڵەتی ترامپ و هەروەها هێندێک بەرپرسی باڵای وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین دا، کە هەوڵ دەدەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بە گژ ئێراندا بدەن.

محەممەدجەواد زەریف، لە وتووێژ لەگەڵ "کێریس والاس"، پێشکەشکاری کاناڵی فاکس نیوز، باسی لەوە کردووە، کە جان بۆڵتۆن، ڕاوێژکاری باڵای ئاسایشی نەتەوەییی کۆشکی سپی، عەرەبستان، ئیسرائیل و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، بە دوای گۆڕینی ڕێژیمی ئێرانن و ئەوان پیشانیان داوە، کە بە کەڵکوەرگرتن لە زۆرترین گوشارەکان دەیانەوێت ترامپ لە بەرامبەر ئێراندا هەڵگیرسێنن و ئامریکا بەرەو شەڕ هان بدەن.

ناوبراو پێشتریش، بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، جان بۆڵتۆن، ڕاوێژکاری باڵای ئاسایشی نەتەوەییی کۆشکی سپی، محەمەد بن‌سەلمان، وەلیعەهدی عەرەبستان و محەممەد بن‌زاید، وەلیعەهدی ئەبووزەبیی وەکوو "گرووپی ب" ناو بردووە، کە لە هەوڵدان تاکوو ئێران و ئامریکا بەرەو شەڕ هان بدەن.

لە درێژەی ئەم وتووێژەدا، محەممەدجەواد زەریف، ئاماژەی بە هۆگریی ئەو کەسانە بۆ شەڕی ئێران و ئامریکا کرد، بەڵام جەختی کردەوە، کە بڕوای وایە ترامپ خوازیاری وەها ڕووبەڕووبوونەوەیەک نییە.

محەممەدجەواد زەریف زیادی کرد: بە بۆچوونی من، ترامپ لەسەر بەڵێنیی هەڵبژاردنیی خۆیدا دەمێنێتەوە و ئامریکا ناخاتە شەڕێکی دیکەوە.

ناوبراو جەختی کردەوە: بە بڕوای من، ترامپ دەیەوێت بە گوشارهێنانی لەڕادەبەدەر بۆ سەر ئێران، ئەم وڵاتە لە پێ دەربێنێت، بەڵام ئێمە ئەم سیاسەتە و بەڕێوبردنەکەشی بەتوندی مەحکووم دەکەین.