کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مرۆڤی سەردەم و ڤایرۆسی کۆرۆنا

12:02 - 15 رەشەمه 2719

سندووس

ئەوەی لەم چەند ڕۆژەی دواییدا خەریکین ئەزموونی دەکەین، شێوەیەکە لە دڕدۆنگی مرۆڤ سەبارەت بە مرۆڤگەلی تر کە تا ئێستا لە مێژوودا یان هەر وێنەی نەبووە یان زۆر بەکەمی بینراوە. لەم ئەزموونەدا ئەو بابەتەی خۆی بە ڕووی ئێمەدا دەکاتەوە، ئەوەیە کە هەر مرۆڤێک، مرۆڤەکەی تر بە شێوەی لەناخاهەڵگر بە سەرچاوەی لەنێوبردنی خۆی و کۆی مرۆڤەکانی تر دەزانێت.

کێشەکە لێرەدا بە هیچ شێوەیەک تەنیا لە ڕەهەندیی بایۆلۆژیکیدا باس و خواس هەڵناگرێت، بەڵکوو هەڕەشەیەکی خەستە لە کۆی مرۆڤەکان. ئەو دڕدۆنگییەی سەبارەت بە یەکتری هاتووەتە ئاراوە، بە شێوەکی ڕوون و ئاشکرا، لە شوێنە گشتییەکان و شوێنی کۆبوونەوەی وەک: زانکۆ، قوتابخانە، مێترۆ، نەخۆشخانە، دایرە حوکمییەکان و سەربازگەکان و...هتد دەبینرێت. لەم شوێنانەدا لە ڕوانگەی هەر کەسێکەوە، بەگشتی کۆمەڵانی خەڵک هەمووی نەخۆشن، نەخۆشگەلێک کە دەبێ "قەرەنتینە" بکرێن و وەک هەڕەشەی گەورە بۆ بەرەی مرۆڤایەتی دەبێ لەوانی تر هەڵاواردرێن.

لە سەردەمی کاپیتاڵیستیی نوێدا، هاوڕێ لەگەڵ گەشەی زانست و پیشەسازی و شێوەگەلی جۆراوجۆری ژینەکی - کە ناتوانرێت ئاکامەکەی پێشبینی بکرێت - چووکەترین ڕیسک دەتوانێت تا لەنێوبردن و قڕکردنی بەرەی مرۆڤ بچێتە پێشێ، ئێستا تێچووی بچووکترین بابەتی نەناسراو، جا لە هەر شوێنێک بێتە ئاراوە، دەتوانێت زۆر زۆر لە سەرێ بێت و پڕمەترسی خۆی ڕاوەشێنێت.

بەم زووانە بە هیچ شێوەیەک ناتوانین چاوەڕوان بین کە ئەم هەڕەشەیە لە کزی بدات و کەم بێتەوە، باس باسی فڵانە ڤایرۆس و باکتری کە بەر هۆی فڵانە مووتاسیۆن بێت، نییە، بەڵکوو باسی ژیانکردنی مرۆڤە لە سەردەمی شیمانەگەلی چاوەڕوان نەکراو و ئەزموونگەلێک کە مرۆڤایەتی تێی کەوتووە و "هایدگێر" وتەنی، دەبێ بە گڕانەوە بۆ دیاردەی "بوون"، خۆی لێ دەرباز بکات و ئەو ڕاونینە ئامرازێک و "مەوجوود"خوازانەیە بخاتە پەراوێزەوە.

مرۆڤ بوونەوەرێکە کە بەردەوام لە مەترسیدایە و هیچکاتیش لەگەڵ جیهان و سروشت بە ئاشتی و یەکگرتوویی ناگات، لەم ڕووەوە گەرانتیی ژیانی مرۆڤ، پێویستی بە هەوڵدان و پارێزگاری و ئاوزمەندییەکی زۆر هەیە. نابێ لەبیرمان بچێت کە هەوڵەکانی مرۆڤ بۆ بەچۆک داهێنانی کۆسپ و تەگەرەکان لە ژیاندا و پێکهێنانی ماڵێکی لێوڕێژ لە تەناهی و خۆشگوزەرانی، بە سەرهەڵدانی ڤایرۆسێکی نەناسراوی وەک کۆرۆنا مایەپووچ دەبێتەوە، کەوابوو مرۆڤ بوونەوەرێکە، بەردەوام لەنێو ماڵی "ترس" و "خۆفـ"ـی شارستانیدا دەخولێتەوە.

فەزای ئێستا لێوڕێژە لە بۆنی "ترس"، "ترس" لە نەخۆشیی کوشندە لە هەموو جێگایەک هەستی پێ دەکرێت، لە هەڵاتن بۆ پەیداکردنی دەمامکەوە بگرە تا دەگاتە چۆڵبوونی بەکاوەخۆی شوێنی هاتوچۆ و هەڵوەشاندنەوەی کۆبوونەوەکان و لە سەرووی هەموویانەوە بێ باوەڕی و نەبوونی متمانە بە سیستمێکی ناسادق و داخراو و هەروەها تێکڕووخانی متمانەی کومەڵایەتی، سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن. لێرە ئیتر ڕەسەندارێتی بە تاکخوازی و مانەوەی ژیانە. ئەزموونێک وەک "دۆخی سروشتـ"ـی، بە مانا "هابز"ییەکەی.

لەم ڕۆژانەدا ئیتر هەر مرۆڤێک وەک هەڕەشە چاو لەوی تر دەکات، ئێستا لە ئێراندا بۆچوونی "مرۆڤ گورگی مرۆڤ"ی "هابز"، بەجوانی دەبیندرێت.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.