کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مرۆڤی کورد و ژینگەی کوردستان

17:52 - 15 خاکەلێوه 2722

ئاسۆ مینا

ساڵێکیان وەرزی بەهار بوو، حاجی لەقلەقێک ڕووی لە گوندەکەی ئێمە کرد و لە دەرەوەی گوند لەسەر دارئانتێنێک خەریکی کۆکردنەوەی پووش و پەڵاش بوو تا هێلانە دروست بکات بەڵام هیچی پێ نەچوو، کۆمەڵە منداڵێک چوون و بە بەرد و پلار پەلاماری هێلانەی حاجی لەقلەقەکەیان دا و ئیدی حاجی لەقلەق تۆرا و جارێکی دیکە ڕووی لەو گوندە نەکردەوە.

ڕەنگە ئەو کارەی کە ئەو منداڵانە لەو کاتەدا کردیان، لە ڕووی نائاگاییەوە بووبێ و عەقڵیان بەوە نەشکابێ کە بوونی ئەو حاجی لەقلەقە ئاوەدانی زیاتر دێنێ و زیانێکی نییە بەڵام گەورەکانی ئەو گوندەش هیچیان بەو منداڵانە نەوت. لە ڕاستیدا لەو کاتەدا مێشکێکی کارا بوونی نەبوو تا هیچ نەبێ له چوارچێوەی گوندەکەدا هۆشیاری بدات و مێشکی خەڵک لەسەر ئەو بابەتانە ڕوون بکاتەوە و هەموو یەک شێوه‌ فکریان هەبوو.

بە دوای هاتنی تێکنۆلۆژیی پێشکەوتوو و لەو کۆتاییانەدا ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بوو کە کار لەسەر ڕۆشنگەریی مرۆڤ و بەتایبەت ئەو شانسەی بۆ مرۆڤی کورد هەبوو کە کەڵکی لێ وەربگرێت لەسەر نەتەوە و زمان و ژینگەی خۆی زۆر شتی بۆ ڕوون ببێتەوە.

هه‌ندێ جار لەنێوان بیركردنه‌وه‌ی کورد و کار و کردەوەکانی ناتەبایی هەیە. زۆر جار ئەوەی بە زار بەیانی کردووە و هاواری بۆ کردووە، لەگەڵ بە کردەییکردنی شتێکی جیاواز بووە. مرۆڤی کورد ئێستاشی لەگەڵدا بێ تێڕوانینی تەواو نیشتمانی و ژینگەدۆستی بەرامبەر بە ژینگه و نیشتمانی خۆی نییە، ئەگەر هەشیبێ بە کردەیی نەکردووە.

 لە نێوان بە مڵک و ماڵ چاولێکردنی زەوی و خاک و وەکوو نیشتمان و زێد و ژینگەی پیرۆز چاولێکردن لە زەوی و خاک جیاوازی هەیە و مرۆڤی کورد له‌ هه‌ندێ کاتدا ئەو هەستە نیشتماندۆستییەی لە کەمی داوە. هەر بۆیە ئیزنی ئەوە بەخۆی دەدا کە تێکی بدات، بیشێوێنێ و بە گاسن برینداری بکات بەڵام لە کاتی خۆیدا شەڕیشی لەسەر دەکا و خوێنیشی بۆ دەڕێژێ.

کێشەی مرۆڤی کورد ئەوەیە کە زۆربەی کاتەکان خۆشه‌ویستیی بۆ خاکەکەی کاتێک جووڵاوە کە هەستی کردووە لەژێر فشار و زەختی دوژمنەکانیدا بووە کە ویستوویانە لێی تێک بدەن و لە حاڵەتی ئاساییدا هەستی بۆ خاکەکەی کەمبووەتەوە و توانیویەتی تەنانەت مامەڵە بە زەوی و مڵک و خاکەوە بکات.

 لە ئێستادا فرۆشتنی زەوی بە خه‌ڵكی به‌شه‌كانی دیكه‌ له‌ ئێران،  لە هەندێک لە شاره‌كانی كوردستان لەلایەن کوردەکانەوە نموونەیەکە لە نائاگایی کورد لەو ناوچەیە و مامەڵە بە خاک لەپێناو وەدەستهێنانی سەرمایەی مادی. ئەگەر ئەو دیاردەیە پێشی پێ نەگیرێ و خەڵکی لێ ڕوون نەکرێتەوە لێکەوتە خراپەکانی لە داهاتوویەکی نە ئەوەندە دووردا وەدەر دەکەون.

ڕەوتی ژینگەپارێزی لە کوردستان لە ئێستا لەچاو ساڵانی ڕابردوو زۆری پێشکەوتنی بە خۆیەوە دیتووە و دەیان ڕێکخراوی ژینگەپارێزی بۆ کار لەسەر ژینگە و جێگیرکردنی فەرهەنگی ژینگەدۆستی و پاراستنی ژینگە پێک هاتوون.

ئەگەر باس لە پێشکەوتن لەو بوارەدا لە دنیای ئەوڕۆکەدا دەکرێ هێرش بۆ سەر ژینگەش ئەوڕۆکە لە ڕابردوو زیاتر بووە. لە ڕابردوودا هەندێک نەریت لە کۆمەڵی کوردەواریدا سەبارەت به ژینگە هەبوون کە ڕەنگە هەندێک کەس وەکوو خورافات سەیریان بکات بەڵام لەڕاستیدا ئەو نەریتانە قازانجیان هەبووە، زیانیان نەبووە.

بۆ نموونە ساڵان سەرەتای بەهار گوڵەسپیلکەیەک سەری لە خاک دەردێنا، گەورەکان بە منداڵەکانیان دەوت: "نەکەن ئەو گوڵانە هەڵبقەنن، هەر کەس وا بکات مەمکی دایکی شیری لێ وشک دەبێ"  یا وا باو بوو کە هەر کەس داربەڕوو ببڕێت، نەهامەتی و کارەسات ڕووی تێ دەکا و بۆ ئەوە نموونەش هەبوو یا زۆر شتی دیکە کە لە بنەڕەتدا ڕەنگە وا نەبێ بەڵام ئەگەر گریمان واش نەبێ قازانجەکەی ئەوەیە کە کابرا لە ترسی ئەوەی کارەسات ڕووی تێ نەکا گوڵەکەی هەڵنەدەقەند یا داری نەدەبڕی. کە وابێ بە قازانجی ژینگە تەواو دەبوو.

ماوەیەک لەوە پێش لە ئاوایی "دەرەتفێـ"ـی مەریوان خەڵکی ئەو گوندە و ناوچەکە بەبۆنەی هاتنەوەی حاجی لەقلەقەکان بۆ ئەو گوندە کردیانە شادی و خۆشی و جێژنیان گرت و ڕێوڕەسمی تایبەتیان بەڕێوە برد و پێش هاتنەوەیان لەسەر زۆربەی دارئانتێنەکانی ناو گوند و دەوروبەر، هێلانەیان بۆ دروست کردبوون.

 مرۆڤ کاتێک دەبینێ بە سەدان کەس ئەوە خەریکن شادی و خۆشحاڵی و خەریکی هەڵپەڕکێن و حاجی لەقلەق خەریکە بێ هیچ ترسێک خەریکە سەیریان دەکا، ئەوپەڕی مرۆڤایەتی و ژینگەدۆستی و ئاژەڵ خۆشەویستی لێرەدا بەدی دەکرێ.

بە باوەڕی خەڵکی قەدیمی ئەو گوندە کوشتنی حاجی لەقلەق لەو گوندە قەدەغەیە و هەر کەس حاجی لەقلەقێک بکوژێت، کارەسات ڕووی تێ دەکات. لێرەدا ڕەنگە باس لە ڕوودانی کارەسات لە بەرامبەر کوشتنی حاجی لەقلەقێکدا خورافی بێتە بەر چاو بەڵام برەودان بەو قسەیە هەتا زیاتر بێ باشترە چونکە مەترسی لەسەر ئاژەڵەکان و باڵندەکان و ژینگە کەم دەکاتەوە و یاریدەدەرە بۆ ئاوەدانی زیاتری ژینگە.

ماوەیەک لەمەوبەر لە دەشتی "سوورێنـ"ـی بانە کەسانی نەناسراو بە هەر هۆکارێک بە سەدان داری ئەو دەشتەیان قەڵتوبڕ کردبوو کە تووڕەیی خەڵکی لێکەوتەوە و ئەگەر دەستی خەڵکی ناوچەیی یا داگیرکەری دژە ژینگەی کوردستانی لە پشت بێ، تەعبیر لە عەقڵییەتێکی نەخۆش و نەبوونی ویژدانە کە ژەهری خۆی بە تێکدانی ژینگە دەڕێژێ.

ئەمڕۆکە بە بەربڵاوکردنی کاری ڕێکخراوە ژینگەییەکان، بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەبابەت ڕۆشنگەری و گوێگرتن لە ڕێنماییە ژینگەییەکان، دەبێت کار لەسەر عەقڵییەتی تاکی کورد بکرێ و گۆڕانکاری بەسەردا بێ، بەتایبەت لەسەر بیری منداڵان و نەوەی نوێ.

منداڵ نابێ فێر بکرێ یا بهێڵدرێ کە دار ببڕێ، نابێ فێری ڕاوکردن و ئاژەڵکوشتن و باڵندەکوشتن ببێ. نابێ پیسبوونی ژینگە بە لایەوە شتێکی ئاسایی بێت. جێگیرکردنی فەرهەنگی پاک و خاوێنڕاگرتنی ژینگە، چاندنی دار و خۆشویستنی گیاندارەکان و یارمەتیدانیان دەتوانێ وەکوو نەخشی سەر بەرد لەسەر مێشکی منداڵانی ئەمڕۆ کاریگەر بێت.

لەو نێوانەدا ڕۆڵی میدیا و ڕاگەیەندن و ڕۆژنامە و گۆڤارەکان لە بڵاوکردنەوە و جێگیرکردنی فەرهەنگی ژینگەدۆستی و لەقاودانی شتە نەرێنییەکان بەرامبەر بە ژینگە گرینگ و بەرچاوە. پێویستە ڕاوکردن لە کوردستان هەڵبگیرێ و ببێ بە عەیبە لەلای تاکی کورد، ناکرێ لەبەر نەریتێکی خراپی باو لە قەدیمەوە زەبر لە ژینگە بدرێ.

پێویستە لەهەر ڕێگایەکی پێویست کەڵک وەربگیرێ کە مرۆڤی کورد لە ڕاست پاک و خاوێنی ژینگەی خاکەکەی خۆی بە بەرپرسیار بزانێت و هەوڵ بۆ ئاوەدانی زیاتری بدات. پێویست دەکا ئەو فەرهەنگە گشتگیر بکرێ. بەداخەوە کورد خاوەن دەسەڵاتی سیاسی نییە ئەگینا دانانی یاسا و سزای تایبەت دەتوانێ لە زۆرێک له مەترسییەکانی سەر ژینگە کەم بکاتەوە.

وەکوو کۆتا وتە دەتوانم ئەوە بڵێم کە نابێ ڕێگا بدرێ کە پرسی وێرانبوونی ژینگە و و نه‌بوونی خۆشەویستی خاک و نیشتمان لەلای تاکی کورد ئاسایی ببێتەوە و تاکی کورد هەمیشه دەبێ وا هەست بکا کە خاکەکەی لە هەموو بارێکەوە مەترسی لەسەرە و ئەگەر وا هەست بکا وشیارانە پارێزگاری لێ دەکات.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.