کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"مریەم خانمی قازی" ماڵاوایی لە ژیان کرد

11:26 - 26 رەشەمه 2719

خاتوو "مریەم خانمی قازی" کچی پێشەوا قازی محەممەد بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجه لە "عەممان" پێتەختی وڵاتی ئۆردۆن کۆچی دوایی کرد.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی٢٥ی ڕەشەمەی ١٣٩٨ی هەتاوی بەرامبەر بە ١٥ی مارسی ٢٠٢٠ی زایینی خاتوو "مریەم خانی قازی" کچی پێشەوا قازی محەممەد بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجە لە تەمەنی ٧٣ ساڵیدا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری عەممان پێتەختی وڵاتی ئۆردۆن کۆچی دوایی کرد.

مریەم خانی قازی خێزانی سەرداربەگی جاف بوو و یەکێک لە ژنە بەهەڵویستەکانی کورد و وەفادار بە ڕێبازی باوکی و ئامانجەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو و هەست سۆزێکی تایبەتی بۆ خەباتگێڕانی گەلی کورد بوو.

مریەم خانم لە چەند ڕووداوی دڵتەزێن لەگەڵ حیزبەکەی پێشەوا هەست و سۆزی خۆی دەربڕی. کاتێک هەواڵی شەهیدبوونی ڕێبەری مەزنمان دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملووی پێ گەیشت دەستی کرد بە شین و هاوار کە باوکمیان شەهید کرد. یان لە کاتی دەرمانداوکردنی پۆلێک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە لە بەغدا لە ژێر چاوەدێریی پزیشکیدا بوون مریەم خان و بنەماڵەکەی بەردەوام یارمەتیدەریان بوون.

مریەم خان لەگەڵ ئەوەیکە لە ژیانیدا هەوراز و نشێوێکی زۆری دی و زۆر جار تووشی ئاوارەیی و دەربەدەری بوو بەڵام قەت ئەو ناهەموارییانە شوێنی لە سەر لە ئیرادەی نیشتمانپەروەریی دانەنا و بە هیواوە چاوی لە ژیان و خەباتی گەلەکەی دەکرد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی پێشەوای گەورەمان قازی محەممەد بە تایبەت کاک عەلی قازی برای مریەم خان و خوشکەکانی و کاک داود جاف کوڕی کاک سەردار جاف و مریەم خانم و خوشکەکانی دەردەبڕێ و هیوای سەبوورییان بۆ دەخوازێ و هیواخوازیشە ڕۆحی مریەم خانم بە بەهەشتی بەرین شاد بێ.

ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٦ی ڕەشەمەی ١٣٩٨

١٦ی مارسی ٢٠٢٠