کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: بۆ ئێمە تێکەوەپێچانی سیستمی کۆماری ئیسلامی ئامانجێکی جیددییە

15:46 - 21 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاخاوتنێکدا سەبارەت بە بارودۆخی کوردستانی ئێران باسی لە هەڵاواردنە سیستماتیکەکان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کرد و ڕایگەیاند: تێکەوەپێچانی کۆماری ئیسلامی بۆ ئێمەی کورد ئامانجێکی جیددییە.

دەقی وتەکانی بەڕێزیان بەم چەشنەیە:

ئێمە و ئەوانیتری حکوومەتی ئێران

ئێران جوغرافیایەکی فرەنەتەوەی هەیە و لانیکەم شەش نەتەوەی گەورە و چەند کەمینە و پێکهاتەی دیکەی تێدا نیشتەجێن. هەر کام لەم نەتەوانە خاوەنی خاک و نیشتمانی خۆیانن. نەتەوەی کورد، یەک لەم نەتەوانەیە کە نزیک بە ١٠٪ ی دانیشتووانی ئێران پێک دێنێ و لە پارێزگاکانی ورمێ، سنە، کرماشان، ئیلام و بەشەکانی دیکەی ئەم جوغرافیایەدا نیشتەجێن. ئەگەرچی ئەم نەتەوانە لە ڕوانگەی سیاسەتی دەوڵەتی ئێرانەوە بە کەمینە ئەژمار دەکرێن، بەڵام لە سەر یەک، زۆرینەی دانیشتووانی جوغرافیای ئێران پێکدێنن.

سەرەڕای فرەچەشنی و فرەنەتەوەبوونی ئێران، پێکهاتەی حکومەتی ئێستا و پێشووتر، لەگەڵ ئەم فرەییە یەکانگیر نەبووە. ئەوەی هەبووە نکۆڵی لێکردن و سڕینەوەی ئەم جیاوازییانە بووە. دەسەڵات لە ناوەند لە لایەن نەتەوەی باڵادەستەوە قۆرغ کراوە و لە هاوکێشەیەکی بەناو  ناوەند-پەراوێز، پرسی فرەنەتەوەیی لە ئێران هیچ کات لە دەستووری بنچینەیی و گوتاری ناسیۆنالیزمی ئێرانیدا جێگەیەکی نەبووە. بەڵکوو بە کێشەیەکی هەستیار و پرسێکی ئەمنیەتی لێکدراوەتەوە. هەمیشە لە گوتاری ناسیۆنالیزمی ئێرانیدا مەبەست لە "ناوەند"، نەتەوەی باڵادەستی فارس بووە کە نەتەوە بندەستەکان بە "ئەوانیتر"ی خۆی وەسف دەکات.

بەڵام کوردستان بەهۆی پێشینەی ئازادیخوازی و ئاستی بەرزی وشیاریی نەتەوەیی، هەر لە دەستپێکی سازبوونی و بە دەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامییەوە، بووەتە مەیدانی بەرگری، کە لە یادەوەریی مێژووە پرشنگدارەکەی بە سەنگەری ئازادی دەناسرێتەوە.

خومەینی لە ١٩ی ئاگۆستی ١٩٧٩، فتوای جیهادی لە دژی کورد دەرکرد کە تاکوو ئێستاش بەردەوامە. لە ئاکامی ئەم سیاسەتە، مەترسی جیددی لە سەر ناسنامە و ئاسایشی نەتەوەیی کورد درووست کراوە کە چەندین ڕەهەندی جیاواز لەخۆ دەگرێ.

ئەگەرچی ستەمی نەتەوەیی لە هەموو نەتەوە بندەستەکان دەکرێ، بەڵام لە کوردستان ئەم ستەمە چەندقات زیاترە. لە چوارچێوەی ستەمی نەتەوەییەدا، ناوچەی نەتەوە غەیرە فارسەکان، سیمای جوغرافیای سەرکوت و داگیرکراوی بە خۆوە گرتووە.

مەبەست لە ستەمی نەتەوەیی کۆی ئەو بارودۆخەیە کە بە پێوەرە ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئەمنییەکان و بەبەراورد لەگەڵ ناوەند، ناوچەی نەتەوە غەیرەفارسەکان ستەمیان لێ دەکرێ و دەچەوسێندرێنەوە. تایبەتمەندی ناوەندگەرایی و دەوری یەکلاکەرەوەی ئیدیۆلۆژی ناسیۆنالیزمی ئێرانی، وای کردووە کە ناسنامەی ناوەند دژ بە ناسنامەی ئەوانیتر بێت. لەم سۆنگەوە هەر بڕیار یان پڕۆسەیەک کە لە ناوەندەوە بەرەوڕووی بوون و مانەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکە بووەتەوە، ڕاستەوخۆ ناسنامە و ئاسایشی ئەوانی کردۆتە نیشانە.

دەسەڵات لە ئێراندا مانایەکی نادێموکراتیک، خۆسەپێنەر و داگیرکەری هەیە و بەردەوام هەوڵی داوە سەرجەم سامان و سەرچاوەکانی ناوچە نەتەوەییەکان تاڵان و کۆنتڕۆڵ بکات.

دژایەتیکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووس، سەرکوتی سیستماتیک، نەبوونی دەرفەرتی چالاکیی سیاسی و یاسایی، بەتاڵانبردنی سەروەت و سامان و سەرچاوەکانی کوردستان و ڕاگواستنیان بەرەو ناوەند، کۆچی زۆرەملێی دانیشتووان و هەوڵ بۆ گۆڕینی دێموگرافیای کوردستان، هێنانی بەلێشاوی کاربەدەست و بەرپرسی ئیداری و بەڕێوەبەری ناخۆجێیی سەر بە سوپای پاسداران و هێزە ئەمنییەکان، پەراوێزخستنی نوخبەی کورد، کوشتنی ڕۆژانەی کۆڵبەران و کاسبکاران و کردنە ئامانجی ژینگەپارێزان و چالاکانی مەدەنی و چالاکوانانی مافەکانی ژنان، لە سێدارەدان و زیندانی و بێسەروشوێنکردنی چالاکان و تێکۆشەرانی کورد، گواستنەوەی سەرچاوەکانی ئاو، تێکدانی ژینگە و سووتاندنی دارستانەکانی داوێنی زاگرۆس، مینڕێژکردنی ناوچە سنوورییەکان، میلیتاریزەکردنی شار و گوندەکان، ئەمنیەتی کردنی ئیدارە، خوێندنگا، مزگەوت و شوێنە گشتییەکان، نموونەگەلێکن کە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە بە تەواوی مانا، پێوەندییەکی داگیرکاری و چەوساندنەوە بە سەر کوردستاندا زاڵە.

پەیڕەوکردنی سیستمی پەروەردە و ڕاگەیاندنی ئیدیۆلۆژیک، لەپێناو جێ‌خستنی ئەو بیرۆکەدایە کە ئێران یەک نەتەوەیە و نەتەوەکانی دیکە قەوم و وردەفەرهەنگن. ئاسمیلەکردنی زمان، مێژوو، ناسنامە، دابونەریت و بەگشتی هەوڵی شێواندن و تواندنەوەیان کە لە میدیا، کتێبی دەرسی،  شانۆ، سینەما و پڕۆژە ئەمنیەتی و فەرهەنگییەکان ڕەنگی داوەتەوە خاڵی جێی سەرنج، سەقامگیربوونی سیاسەتی نکۆڵی کردن و چەوساندنەوە لە دەقی یاساکانی ئێراندایە.

پێوەرێکی گرنگ کە لە ستەم و ‌هەڵاواردنی چەندقات جێی سەرنجە، بابەتی گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و بابەتەکانی پەیوەست بەم بوارەن. لە سەردەمی هاوچەرخدا، ناوەند هەوڵی داوە وێڕای گۆڕینی دێموگرافیای ناوچە نەتەوەییەکان، لە ئاستێکی نزمی گەشەنەسەندووییدا ڕایانبگرێت و لە ستانداردەکانی ژیانی ئەمڕۆیی بێبەشیان بکات. داهاتێک کە لە ئابووری یەکبەرهەمی ئێران دابین دەکرێ و سامانی گشتیی ئەم وڵاتەیە، سەرفی پڕۆژە ئەمنی و فەرهەنگی و سەربازییەکان دەکرێت کە ئەویش ئامانجەکەی بەربەست سازکردن لە ڕێگەی نەتەوەکان بۆ گەیشتن بە مافەکانیانە. ئامارە فەرمییەکانی خودی ڕێژیم پێوەرێکی دیکەیە بۆ هەڵسەنگاندن و بەراوردی ئەم ناهاوسەنگییە. بۆ نموونە، پارێزگای ئیلام لە بواری خۆسووتاندنی ژنان و دانیشتووانی لە ئاستی ئێراندا پلەی یەکەمی هەیە. پارێزگای کرماشان لە رووی بێکارییەوە پلەی یەکەمی هەیە. بە رێژەش بێت، شار و ناوچەکانی دیکەی کوردستان لە ئاست ئەم دیاردانە و کۆمەڵێک قەیرانی دیکە بەبەراورد لەگەڵ تێکڕای ناوچەکانی دیکە زۆرترین پشکی بەرکەوتووە.

ستەمی نەتەوەیی لە ئێران لە سەر دوو جومگە خۆی ڕاگیر کردووە، یەکەمیان پێکهاتەی حکومەت و یاسا و دەسەڵاتەکەیەتی. دووهەمیان بەناو ئۆپۆزسیۆن، ڕۆشنبیر، ئاکادیمسییەن و تیۆرسییەنەکانی چەمکی ئێرانشار و شۆڤێنیزمی ئێرانییە کە گوتار و دەق بەرهەم دەهێنن و دەرخواردی دسەڵاتی ستەمکاری دەدەن تا پاساوێک بۆ زیاتر لە سەد ساڵ چەوساندنەوە ساز بکەن. تەنانەت بەشێک لە بەناو ئۆپۆزسیۆن زیاتر لەوەی کە کەڵکەڵەی ڕووخاندنی ڕێژیمی سیاسی ئێستایان هەبێت، نیگەرانی بێ جێی دواڕۆژی خاکی ئێرانن و ترسێکی شاراوە کە لە توێی نووسین، هەڵوێست و بۆچوونەکانیاندا بە ئاشکرا دەردەکەوێ.

دەرگای بەرژەوەندی نەتەوەیی ئێرانی لە سەر پاژنەی سەروەریی یەک نەتەوە دەسووڕێتەوە. هەر بابەتێک کە پەیوەست بێت بە مەیلی پاوانخوازانەی ئەوانەوە، نەتەوەیی، پێشکەوتوو و فەرمی هەژمار دەکرێ و لایەنی یاسایی پێدەدرێت. لەبەرامبەردا، ئەوەی پێوەندی بە ناوچە نەتەوەییەکانەوە هەبێت مەحەلی، دواکەوتوو، نافەرمی و بە نایاسایی هەژمار دەکرێت. شۆڤێنیزمی ناوەند، بە نەتەوەیی، خەڵکسالاری ئایینی، ناسیۆناڵیزمی ئێرانی و ناسیۆناڵیزمی مەدەنی مانا دەکرێتەوە. لە بەرامبەردا دەنگی ئازادیخوازی و بزووتنەوەی نەتەوەیی و دێموکراتیکی ئەوانیتر بە فێرقەگەرایی، قەومگەرایی، ناسیۆنالیزمی قەومی، ئاژاوەنانەوە، بەستراوەیی بە بێگانە، جوداییخوازی و تێپەڕبوون لە هێڵی ئاسایشی نەتەوەیی و سەروەریی ناوەندە لێکدەدرێتەوە. لە ڕاستیدا ئەمە جەوهەری ڕاستەقینەی گوتاری ناوەندە کە لە تیۆریزەکردنی شۆڤێنیزمی باستانگەرای سەردەمی پەهلەوی و دواتر لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا ڕەگە مێژووییەکانی دیارە.

لە کۆماری ئیسلامیدا، ئێرانی  ئیسلامی ئەو چەمکە بووە کە بە ڕێی هێژمۆنی زمانی فارسی، خوێندنەوەیەکی تایبەت لە یەک ئایین و گەڕانەوە بۆ بەهاکانی شارستانیەتی ئیسلامی پێناسە کراوە و ئەدەبیات و دەقی تایبەتیان لە سەر بەرهەم هێناوە. ستەمی نەتەوەیی لە بنەڕەتدا بە رێگەی دانانی سنوورەکانی نابەرابەری لە نێوان ناوەند و ئەوانیتر پێکهاتووە کە ڕەهەندی جوغرافیایی، ئابووری، سیاسی، دامەزراوەیی، فەرهەنگی، زمانی، ژینگەیی و ئایینی هەیە. لەم  ژینگە سیاسی و فکرییەدایە کە رێگەی گەیشتنی زۆرینە بە مافەکانیان لە لایەن کەمینەی فارسەوە  بەربەستی بۆ دانراوە و بە توندترین شێوە دژایەتی دەکرێ.

بێبەشكردنی نەتەوەکان لە مافەکانیان، سووکایەتی و دروست بوونی هەستی بێ مافی و چەوسانەوە، هەڵاواردن و سەرکوت بە شێوەی ڕاستەوخۆ، ناڕاستەوخۆ، پێکهاتەیی و یاسایی  سەقامگیر کراوە. کۆی ئەو هەلومەرجەیە کە دژایەتی، ناکۆکی و کەلێنەکانی نێوان ناوەند و نەتەوە  بندەستەکانی بە پانتایی جوغرافیای ستەم و داگیرکاری درێژ و قووڵ کردووەتەوە.

لەگەل ئەوەیکە ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەلاقەی ناسنامەوە دەڕوانینە پرسی نەتەوەیی، بە ڕوانگەی ئیداری و مافی هاووڵاتی بوونیش بێت، هیچ دەرەتانێک بۆ کورد و نەتەوەکانی دیکە نەماوەتەوە. هەر بۆیە لە ڕوانگەی هەست بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە نەتەوەکەمان، لە سەر جەوهەر و ناوەرۆکی مافی نەتەوەیی خۆمان پێداگرین.

زێهنیەتی بێ بنەما لەسەر جیاییخوازبوونی نەتەوەکان لە لایەن ناوەندەوە، قەیرانی ئاسایشی نەتەوەیی بۆ ئەوانیتر پێکهێناوە. بەردەوام بوونی وەها هەلومەرجێک، پاڵنەرێکی سروشتی و فاکتەرێکی بەهێزە بۆ دەربازبوونی کورد و ئەوانیتر لەم دۆخە چەقبەستووە. دۆخی ئێستا، بە تەواوی مانا دۆخی بنبەستە، بەو مانایە کە سەرەڕای بوونی کۆمەڵێک قەیرانی تێکچڕژاوی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، ژینگەیی و ئیداری، پرسی نەتەوەیی نەتەوەکان بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە. لەگەڵ ئەمەشدا، ناوەند بەرامبەر بەم پرسانە وڵامدەر نییە، بەڵکوو تەنیا بەرامبەر بە ئاسایش و بەرژەوەندەییە پێناسەکراوەکەی، خۆی بە بەرپرسیار دەزانێ کە ئەنجامەکەی بووە بە هێشتنەوەی جوغرافیای سەرکوت و داگیرکاری کە نەتەوەکانی بندەستی لێ نیشتەجێن. هەمووی ئەوانە و زۆری دیکە و پێداگری ناوەند لەسەر بەردەوام بوونی لەو سیاسەت و بەرنامە هەڵەدا ئەو ئاسۆیەی زۆر لاواز کردووە کە کورد و نەتەوەکانی دیکە بتوانن بە شێوەی ئاشتیخوازانە و دڵخوازانە لە ئێرانی یەکگرتوو و یەکپارچەدا بمێننەوە. هەربۆیەش ویست و ئیرادەی جیابوونەوە ڕووی لە هەڵکشانە و بووەتە گوتاری بەشێکی بەرچاو لە ڕای گشتیی ئەوانیتری ناوەند.

ڕەگەکانی ئەم دژایەتییەی کورد و نەتەوەکانی دیکە و ئیرادەی خۆڕاگری و بەرەنگاربوونەوەیان لەگەڵ ناوەند دەبێ لە دووتووێی خەبات و تێکۆشانی بەردەوامی ئەوان  لە قۆناغە هەستیارەکانی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا خوێندنەوەی بۆ بکرێت. دوایین نموونەی بەرچاوی ئەم بەرەنگارییە، خۆپیشاندان و ڕاپەڕینەکانی ماوەی ڕابردوو بوو کە بە گوێرەی زانیاری و ڕاپۆرتە مەیدانییەکان و یەک لەوان ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، زۆربەی قوربانیان لە جوغرافیای نەتەوە بندەستەکان و بەتایبەت لە ئەهواز و کوردستان روویان داوە. ئەم ڕووداوانە خاڵی وەرچەرخان و یەکلاکەرەوەن کە بوونەتە هۆی بەرینتربوونەوەی درز و کەلێنەکانی نێوان ناوەند و نەتەوە بندەستەکان.

بۆ ئێمە بەو ڕادەیە کە تێکەوەپێچانی تۆماری کۆماری ئیسلامی ئامانجمانە، بەو ڕادەیەش پرسی نەتەوەیی و دێموکراسی دوو هێڵی سەرەکیی و پڕەنسیپی نەگۆڕن، بەڵام گرینگتر لەمانە، تێپەڕین لە عەقڵانیەتێکە کە بیهەوێ ئەزموونی ڕێژیمەکانی پاشایەتی و ئیسلامی دووبارە بکاتەوە. هەر بۆیە پێمان وایە دەربازبوون لە بنبەستی سیاسی ئێستا و بنیاتنانی سیستمێکی کارامە و وڵامدەر لە داهاتوودا، پێویستی بە خوێندنەوە و عەقڵانییەتێکی جیاواز هەیە .

رابردوو سەلماندوویەتی هەر سیستمێکی سیاسی کە لە وڵاتێکی فرەنەتەوەدا لە بەر یەک هەڵدەوەشێتەوە و هەر وڵاتێک لەم چەشنە کە پارچە پارچە دەبێت، ئەنجامی کۆکردنەوەی لەڕادەبەدەری دەسەڵاتە لە ناوەند و هەڵاواردن و ئینکارکردنی  ئەوانیترە، کە دواجار دەبێتە هۆی تەقینەوەی ناڕەزایی و ڕقی پەنگخواردوو و رادیکاڵیزمی شۆڕشگێڕانەی ستەملێکراوەکان. کورد و ئەوانیتری دەوڵەتی ئێران بە دوای سەروەری و مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیانن بە هەر شێوەیەک کە بۆیان بگونجێت.