کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: خەڵکی کورد لە ئێراندا سازماندراوترە لە بەشەکانی دیکە

12:56 - 30 خەزەڵوەر 2720

 "مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتووێژ لەگەڵ میدیای "ژیان" باسی لەوە کردووە کە زۆربەی خەڵكی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بڕوایان بە هێزە سیاسییەکانی کورد هەیە.

"هیجری" لەو وتووێژەدا باسی لەوە کردووە خەڵکی ئێران پێش ئەوەیکە بەهاری عەرەبی بێتە پێش؛ خەڵکی ئێران شۆڕشیکی دیکەیان دەست پێکردبوو و حکوومەتی پاشایەتیان ڕووخاند بەڵام نەتیجەکەی بوو بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران. خەڵک ئەو ڕێژیمەیان ناوێ. خەڵک تەجرووبەیەکی شکست خواردووی لە شۆڕش هەیە. هەر بۆیە خەڵكی ئێران زۆر بە خۆپارێزییەوە هەوڵ بۆ شۆڕش دەدەن.

لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات لەبارەی پێوەندییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کورد لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی باسی لەوە کرد ئێمە لەگەڵ بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی پێوەندیی باشمان هەیە و هاوپەیمانیشمان هەیە. لەگەڵ چەندین حیزبی سەراسەریی ئێراندا هاوکاریمان هەیە. لەگەڵ حیزبە ناسراوەکانی دیکەی نەتەوەکانی ئێران وەک تورک و عەرەبەکان پێوندیمان هەیە و لە کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵدا کار دەکەن.

ناوبراو لەبارەی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی  ئێران باسی لەوە کردووە کە ئێمە لە چوارچیوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێراندا کار دەکەین.

"هیجری" لە پێوەندیی لەگەڵ یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان باسی لەوە کردووە دانیشتنەکانمان بەردەوامە و لە ساڵانی ڕابردوو باشتر گفتگۆکانمان بەردووەتە پێشەوە و هەوڵ دەدەین بە ئەنجامی بگەیەنێن. ئێمە ئیرادەمان بۆ یەکگرتنەوە هەیە.

لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات لەبارەی یەک هێزیی لە کوردستاندا باسی لەوەش کرد ئێمە بە چاولێکردن لە ئەزموونە باش و خراپەکانی کوردستانی باشوور، لە سیستمی نوێی حیزبدا ئێمە هێزی پێشمەرگەی کوردستانمان داناوە بۆ ئەویکە ئەو هێزە لە داهاتوودا هی حیزب نەبێ بەڵکوو هی کوردستان بێت.

لەبارەی داهاتی حیزبی دێموکرات "مستەفا هیجری" باسی لەوە کردووە، ئێمە خەڵکێکی زۆرمان هەیە لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات، بەشێکی هەر زۆرەی خەرج و مەسرەفی حیزبی دێموکرات ئەندامانی حیزب دەیدەن. هیچ حیزبێکی سیاسیی هەرێمی کوردستان یارمەتیی ئێمە نادات.