کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: دوکتور قاسملوو یەکێک بوو لە ڕووناکبیرە دەگمەنەکانی کورد لە سەردەمی خۆیدا، کە باوەڕی بە فرەیی ھەبوو، باوەڕی بە پێکەوەژیانی نەتەوەکان ھەبوو

12:28 - 14 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: گۆڤاری "دیپلۆماتیک" سەر بە گرووپی گوڵنار چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ بەڕێز مستەفا هیجری لێپرسراوی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ساز داوە کە له‌م دیداره‌دا بەڕێز مسته‌فا هیجرى سه‌باره‌ت بە ئه‌زموونى سیاسى خۆى ‌و پرسى كورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان ده‌دوێت.

لە میانەی ئەم چاوپیکەوتنەدا و لە وڵامی ئەو پرسیارەی کە دوکتور قاسملوو تا چەند باوەڕی بە فرەیی ھەبوو لە نێو کورددا و لە نێو حیزبی دێموکراتدا بەڕێز هیجری بەمشێوەیە وڵام دەدااتەوە: ئەوەندەی کە دوکتور قاسملوو دەناسم و بەخۆشییەوە ئەو شانازییەم بۆ ماوەتەوە کە ماوەیەکی زۆر لەخزمەتیدا بووم و کارمان کردووە پێکەوە، یەکێک بوو لە ڕووناکبیرە دەگمەنەکانی کورد لە سەردەمی خۆیدا، کە باوەڕی بە فرەیی ھەبوو، باوەڕی بە پێکەوەژیانی نەتەوەکان ھەبوو، ناڕەحەت بوو بەوەی کە کوردو تورک لە ناوچەیەکدا دەژین، لەبری ئەوەی کە پێکەوە بسازێن‌و وڵاتەکەیان ئاوەدان بکەنەوە، لەفیکری تۆڵەکردنەوەدابن لە یەکتری، لەو بارەوە پێموایە لەناو ڕووناکبیرانی کورددا سەرتۆپ و سەرچڵ بوو.

سەبارەت بە جاشایەتی لە کوردستانی رۆژهەڵاتیشدا بەڕێزیان وتوویەتی: لە رۆژھەڵاتیشدا جاشایەتی و خزمەت کردن بە دوژمن لە رێگای زەربە وەشاندن لە خەبات بۆ ئازادی کورد ھەیە، بەڵام بە ھەڵسەنگاندن لەگەڵ باشوور، ئەو دیاردەیە زۆر لاوازترە.

هەروەها کاتێک کە باس لە پێوەندی نێوان دوکتوور قاسملوو و سەدام حسەین دەکرێ لیپرسراوی گشتی حیزب بەمشێوەیە وڵام دەداتەوە: دوکتور قاسملوو لەگەڵ سەدام حسێن پەیوەندی شەخسی نەبوو، پەیوەندی حیزبی بوو، کاتێک حکومەتی سەدام حسێن دژی ڕێژیمی خومەینی شەڕی دەکرد، حیزبی دیموکراتیش شەڕی دژی خومەینی ھەبوو، شتێکی زۆر ئاساییە کە بەھۆی ئەو خاڵە ھاوبەشەوە پەیوەندییەکیش ھەبێت، بەڵام ئامانجی حیزبی دیموکرات لەگەڵ ئامانجی ڕێژیمی سەدام حسێن بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمی ئێران جیاواز بوو، حیزبی دیموکرات دەیویست کە ڕێژیمی خومەینی بڕووخێت بۆ ئەوەی سیستەمێکی دیموکراتییەت بێتە سەر کار.