کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: سەربەخۆیی سیاسی، هاوسەنگی و واقعبینی، ڕاستگۆیی و پشتئەستووربوون، بوونەتە هۆکاری لەسەرپێ مانەوە و بەردەوامبوون لە خەباتدا

11:44 - 24 گەلاوێژ 2721

"مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەیامێکی بڵاو کردەوە و لەو پەیامەدا هاتووە: "سەربەخۆیی سیاسی، هاوسەنگی و واقعبینی، ڕاستگۆیی، پشتئەستووربوون بە خەڵک و گرێدانی چارەنووسی بزووتنەوەکە بە وزە و هێزی ناوخۆی ڕۆژهەڵات و لانەدان لە پرەنسیپ و هێڵە فکرییەکان، بەشێک لەو تایبەتمەندییانەن کە سەرباری کەوتن و نسکۆ و دابڕانەکان و شەهیدبوونی ڕێبەرەکانی، بوونەتە هۆکاری لەسەر پێ مانەوە و بەردەوامبوونی لە خەبات".

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

پەیامی لێپرسراوی گشتیی حیزب

 بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە

دوای هەڵگیرسانی شەڕی دووهەمی جیهانی و لەو بۆشاییەی کە لە ئەنجامی داگیرکەرانی ناوچەکانی باکوور و باشووری ئێران لەلایەن زلهێزەکانی سۆڤییەت، ئامریکا و بریتانیاوە هاتە ئاراوە، لەگەڵ کۆتاییهاتنی قۆناغێک لە دیکتاتۆریی پەهلەوی، هاوکات دەرفەتێک بۆ بووژانەوەی چالاکیی سیاسیی کۆمەڵ و ڕێکخراوە سیاسییەکان ڕەخسا.

لە وەها هەلومەرجێکدا، لە ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢١ی هەتاوی، لەسەر دەستی کۆمەڵێک کەسایەتیی نیشتمانپەروەر، کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد بە بیری سەربەخۆییخوازی و نەتەوەییەوە دامەزرا. سێ ساڵ دواتر، حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر بنەما تەشکیلاتییەکانی ژێ.کاف، وەک قەوارەیەکی نەتەوەیی-دێموکراتیک بەڵام ڕێکخراوتر و بە بەرنامەتر دامەزرا کە تا ئەمڕۆ، وەک بەڕابردووترین حیزبی کوردی، لە ژیانی سیاسی و ڕێکخراوەیی خۆی بەردەوامە.

لە کاتێکدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ٧٦ـەمین مۆمی تەمەنی دادەگیرسێنێت، خوێندنەوەی مێژووەکەی، قۆناغەکانی خەبات و تێکۆشان و هەروەها سیاسەت و بەرنامەکانی، لەگەڵ هەموو شانازی و دەستکەوتەکان و کەوتن و هەستانەوەکانی، پێویستیشە لە دیدی ڕەخنەییەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت و قامک لەسەر خاڵە بەهێز و لاوازەکانی دابنرێت.

لە ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی سەردەمی دامەزرانەکەی کە کۆمەڵگا گەشەی نەکردووە، خاڵی جیاکەرەوەی ئەم حیزبە، ڕوانینی سەردەمیانەی بۆ کاروباری ڕێکخستن و بواری ڕێکخراوەیی بووە. بە وتەی د. قاسملووی نەمر، خودی دامەزرانی حیزبەکە، نوقتەگۆڕانێک بوو لە مێژووی خەباتی لەمێژینەی نەتەوەی کورد و سەرەتایەک بوو لە پێکهێنانی ڕێکخراو و حیزبی پێشکەوتوو و سەردەمیانە کە بە بەرنامەیەکی ڕوونەوە پێی ناوەتە ڕێڕەوی مێژوو.

هەنگاوێکی گەورەی حیزبی دێموکرات لە ڕەوتی مێژوویی خەبات و تێکۆشانیدا، دابڕان لە ڕێکخستنی خێڵەکی، بنەماڵەیی و ناوچەیی و ئاراستەکردنی خەبات بەرەو فۆڕمێکی کوردستانی بووە کە وەک ئامانجێکی مەزن، هەر لە جێی خۆیەتی. هەر ئەم ڕوانینەش وای کردووە کە ناسنامەی کوردبوون، ببێتە تەوەری سەرەکیی گوتار و کرداری ئەم حیزبە.

بنیاتنانی گوتاری نەتەوەیی و هەوڵی بێوچان بۆ گەشەی بیری کوردایەتی، ڕەهەندێکی دیکەی خەباتی حیزبی دێموکرات و کاریگەریی ئەم حیزبە بەسەر کۆمەڵگاوە بووە. بە گوتار و بە کردار، پێکهێنانی کۆماری دێموکراتیکی کوردستان، نموونەیەکی مێژووییە لە کارنامەی نەتەوەیی ئەم حیزبە کە بۆ هەموو قۆناغ و سەردەمەکانی خەبات مانابەخشە. کۆماری کوردستان بەر لەوەی ئەزموونێکی مێژوویی بێت، قوتابخانەیەکی هزرییە کە ڕێڕەو و داهاتووی خەباتی نەتەوەیی- دێموکراتیکی نەتەوەکەمانی وێنا کردووە. هەر وەک چۆن لە پەیامێکی دیکەدا ئاماژەم پێ کردووە، ئێستاشی لەگەڵ بێت، تاکی کورد خۆی بە هاووڵاتیی ئەم کۆمارە دەزانێت. کۆماری کوردستان بەو ڕەمز و کۆدە نەتەوەییانە دەناسرێتەوە کە بەشێکن لە ناسنامە و هێما گرانەکانی خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵات، لەوانە ئاڵای کوردستان، هێزی پێشمەرگە و سروودی نیشتمانی کە لە خۆیاندا ئاماژەن بۆ بەردەوامیی ئامانجێکی پیرۆز لە چەشنی بنیاتنانەوەی دەسەڵاتێکی کوردی و کوردستانی وەک کۆماری کوردستان.

لە دەقی مێژووی سیاسی و بزاوتی نەتەوەیی- دێموکراتیکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کولتووری ڕێکخراوەیی و کولتووری سیاسیی ئەم حیزبە کە هەر لە سەرەتاوە فاکتەری سەرەکیی بزووتنەوەیەکی نیشتمانی بووە، لەگەڵ هەموو خاڵە بەهێزەکانی، ناکرێت چاوپۆشی لە خاڵە لاوازەکانی بکرێت.

سەربەخۆیی سیاسی، هاوسەنگی و واقعبینی، ڕاستگۆیی، پشتئەستووربوون بە خەڵک و گرێدانی چارەنووسی بزووتنەوەکە بە وزە وهێزی ناوخۆی ڕۆژهەڵات و لانەدان لە پرەنسیپ و هێڵە فکرییەکان، بەشێک لەو تایبەتمەندییانەن کە سەرباری کەوتن و نسکۆ و دابڕانەکان و شەهیدبوونی ڕێبەرەکانی، بوونەتە هۆکاری لەسەر پێ مانەوە و بەردەوامبوونی لە خەبات. لەگەڵ هەموو ئەو تایبەتمەندی و بەها و پرەنسیپانەی کە ئاماژەیان پێ کرا، بەڵام ئەم حیزبە لە خاڵی لاواز بێبەری نەبووە. دەبێ دان بەو ڕاستییەدا بنێین کە سەرهەڵدانی کێشە و ململانێی ناوخۆیی کە ڕەنگە هۆکاری سیاسی، فکری یان تەشکیلاتی و بەڕێوەبەریی هەبووبێت، لە هەندێک قۆناغدا بەشێکی زۆر لە وزە و هێزی حیزبەکەی بەفیڕۆ داوە، وزەیەک کە دەیتوانی لە سەنگەری بەرگری و بەرەنگاربوونەوەی دوژمنانی ڕەنگاوڕەنگی بزووتنەوەکە بەکار هاتبا. زۆر جاریش ڕای جیاواز بووەتە دەستمایەی دژایەتی و ناکۆکی، تەنانەت تا ئاستی دابڕان و شەڕی خۆکوژی، بەبێ ئەوەی بیر لە دیالۆگ و چارەسەریی دێموکراتیک کرابێتەوە. دەرەنجامی ئەم حاڵەتانە لەگەڵ دابەشبوون و داهێزرانی توانای تەشکیلاتی، زۆر جار بووەتە مایەی بێ هیوایی ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی ئەم حیزبە. گەڕانەوە بۆ ئامانجەکانی دامەرزانی حیزب، وەبیرهێنانەوەی ئەو ڕاستییەیە کە حیزب ئامرازە نەک ئامانج، وەبیرهێنانەوەی ئەوەی کە حیزبی دێموکرات لە خەڵکە و بۆ خەڵکە، دەمانهێنێتە سەر ئەو باوەڕە کە تەنیا کولتووری پێکەوە هەڵکردن، یەکڕیزی و هاوخەباتییە کە لە ئامانجەکانی دواڕۆژ و بەرژەوەندییە نەتەوەیییەکان نزیکمان دەکاتەوە. لە کۆتاییدا دەبێ ئەرکی ڕێکخراوەیی، گرێ بدرێتەوە بەو بەرپرسیارێتییە مێژوویی و ئەخلاقییەی کە لەسەر شانی حیزبەکەمانە و بە چەندین نەسڵە خوێن و قوربانیی بۆ دەدرێت. ئاشکرایە کە حیزبی دێموکرات، بزووتنەوەی نەتەوەیی ڕۆژهەڵات و گەلەکەمان شایانی بەهێزبوون، گەورەیی و سەرکەوتنی مەزنن. نەشیاوە کە تێچووی هەڵەکان و پێکەوە نەبوون، قورسایی بخاتە سەر شانی بزووتنەوە و لە ڕاستەڕێی گەیشتن بە ئامانجەکان دوورمان بخاتەوە.

دۆخی کۆماری ئیسلامی

چەندوچۆنیی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییانەی سەرۆککۆماریی ئێران و سەرهەڵدانی خەڵکی شارەکانی هەرێمی چەوساوەی ئەهواز و هاوکات هاتنە سەر شەقامی خەڵک لە هەرێمەکانی دیکەی ئێران و سەرکوتی خوێناویی ئەم خۆپیشاندانانە، جارێکی دیکە ئاماژە و نیشانەکانی قەیرانی دەسەڵات و مەشرووعییەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە دوای ٤٢ ساڵ دەسەڵاتدارێتیی خستە ڕۆژەڤی میدیا و ڕای گشتیی ئێران و جیهانەوە.

قەیرانەکانی ئێستای دەسەڵات و کۆمەڵگاکانی ئێران وەک وڵاتێکی فرەنەتەوە، ئەنجام و لێکەوتەی ڕاستەوخۆی سیاسەت و پلانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن. زنجیرەی گەمارۆکان، قەیرانی کۆرۆنا، قەیرانی ئابووری و وەک خودی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دەڵێن "نەمانی متمانەی خەڵک بە دەسەڵات"، لەگەڵ لێشاوی قەیران و ئاریشەی دیکەی کۆمەڵایەتی، کولتووری، ژینگەیی، ئیداری، گەندەڵی، بەڕێوەبەری و بێکاری و هەژاریی خەڵک و...، تەنگی بە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک هەڵچنیوە. تێچوو و بارگرانیی ئەم قەیران و سیاسەتە چەوتانە لەسەر شانی خەڵک و بە تایبەتی کۆمەڵگا بێ ماف و پەراوێزخراوەکانی ئێرانە.

کەلێن و ململانێی زیاتر لە نێوان دەسەڵات و هەروەها بەرینتر بوونەوەی کەلێنی نێوان دەسەڵات و خەڵک، بۆ هەموو لایەک ئاشکرایە، بەڵام ئەم هەڵبژاردنانەی دوایی ڕووخساربەندییەکی نوێی لە ناڕەزایی و دەنگی "نا" بە دەسەڵاتی خستە ڕوو کە لە مێژووی دەسەڵاتی ڕێژیمدا کەم وێنە بووە، ئەویش یەکدەنگیی کۆمەڵگاکانی ئێران و تەنانەت ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆ و دەرەوە بوو سەرەڕای جیاوازی لە بۆچوونەکانیان. ئەنجامی ئەم یەکدەنگییەش، بەشداری نەکردنی زۆرینەی خەڵکی خاوەن مافی دەنگدان بوو لە شانۆی هەڵبژاردنەکاندا. بەرانبەر بەم هەڵوێستەش، وەلی فەقیهـ "نا"یەکی دیکەی بە "نا"ی گشتیی خەڵکی ناڕازی وت و لە ڕێوڕەسمی "تەنفیز"ی سەرۆککۆماریی ئیبراهیم ڕەئیسیدا، جارێکی دیکە جەختی لەسەر بەشداریی بەربڵاوی خەڵک کردەوە. وەک هەمیشە باسی لە پیلانی دوژمنانی دەرەکی بۆ لێدان لە کۆماری ئیسلامی کرد. بە ڕێنوێنییەکانی ستایشی "مودیرییەتی جیهادیـ"ـی کابینەی ڕەئیسی و بەرەنگاربوونەوەی بەرەی دوژمنانی کرد. هاوکات ئەندامی کۆمیسیۆنی مەرگ لە تاوان و ئێعدامەکانی دەیەی ٦٠ی هەتاویی بە "عالمی فەرزانە" ناو برد. هەروەک بە دروستی لە ڕاگەیەندراوی ڕێکخرای لێبووردنی نێودەوڵەتیدا هاتبوو، بە هاتنی سەرۆککۆماری نوێ بەڵام مۆرەی بەڕابردووی سەرکوت، "سێبەری مەرگ" زیاتر لە ڕابردوو بەسەر فەزای ئێراندا قورسایی دەکات. بەم پێیە چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ بەردەوامبوونی سەرکوتی سیستماتیکی دەسەڵات و دۆخی قەیراناویی ڕابردوو، سەرهەڵدان و خۆپیشاندانەکان دژ بە ڕێژیم بە دروشمی ڕووخێنەر بێنە ئاراوە.

سەبارەت بە سەرهەڵدان و خۆپیشاندانەکانی هەرێمی ئەهواز و پشتیوانیی بەشێک لە خەڵکی شارەکانی کوردستان و ئازەربایجان و ئیسفەهان و تاران لەم خۆپیشاندانانە، سەرەڕای سەرکوتی خوێناوی لەلایەن ڕێژیمەوە، دەکرێت ئەم ڕەوتە لە ناڕەزایەتی وەک درێژبوونەوەی دەنگی "نا" بە کۆماری ئیسلامی هەژمار بکەین کە دوابەدوای هەڵبژاردنەکان هاتە ئاراوە. هۆکاری سەرهەڵدانی گەلی چەوساوەی عەرەب لە ئێران و هەرێمە نەتەوەییەکانی دیکەی ئەم جوغرافیایە، دەگەڕێتەوە بۆ سەر ئەو پەیوەندییە لە داگیرکاری کە لەنێوان ناوەند و پەراوێزدا ڕیشەی داکوتاوە. بێجگە لە ڕەهەندە ئیداری، ئابووری، ئەمنی، پەروەردەیی و ژینگەییەکانی ئەم پەیوەندییە لە داگیرکاری، بابەتی بەتاڵانبردنی سەرچاوە سروشییەکان و دواجار سەرکوت و تەحقیر و بەکەمینە کردن و بە ئەمنی کردنی ئەم هەرێمانە، تا دێ زیاتر درێژەی دەبێت و ڕەهەندەکانی بەربڵاوتر دەبنەوە. ڕاستییەکی دیکە ئەوەیە کە لە ئەگەری سەرهەڵدان و ڕووداوی لەم چەشنە کە چاوەڕوانکراوە، ئەوە هەرێمە بندەستەکانن کە بە ناسنامە و شوناسی نەتەوەیی خۆیانەوە، دەنگی پشتیوانی و هاوخەباتی بۆ یەکتر هەڵدەبڕن. بۆیە ئێمە وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە گوێرەی سیاسەتی لەمێژینەمان، نەتەوە بندەستەکانی ئێران بە هاوپەیمانی ستراتێژیکی خۆمان دەزانین و وەک پرەنسیپێک، پێداگریی لەسەر دەکەینەوە.

حیزبی دێموکرات و پرسی حاکمییەتی کورد

بنیاتنانەوەی دەسەڵاتی کوردی پەیوەستە بە پرسی ناسنامە، ئاسایشی نەتەوەیی، لابردنی ستەمی نەتەوەیی، دێموکراسی و لە هەموو گرینگتر مەسەلەی حاکمییەتی کورد بەسەر خاکی خۆیدا. کورد خۆی وەکوو ئێتنیک- نەتەوەیەکی بێ‌حاکمییەت لە ئێراندا دەبینێت کە کراوەتە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی سیاسەتی سەرکوت و ئاسیمیلەکردنی ناوەند. کوردیش، وەکوو باقیی نەتەوە ژێردەستەکانی دیکە، لەسەر ئەو بڕوایەیە کە بەبێ پێناسەکردنەوەی سەرلەنوێی چەمکی "نەتەوە" لە ئێران، پەیوەندیی داگیرکاری بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە. لە ئێران، پەیوەندیی داگیرکاری و سیستەمی سیاسیی تاک‌لایەنەی ئێتنیک- مەزهەبی، دوو جۆرە جەماوەری خاوەن سەروەریی سیاسی و گەلانی‌ مافی سەروەری لێ ستێندراوی ساز کردووە. ئەم پەیوەندییە دووفاقییە، مەسەلەی مافی حاکمییەتی سیاسیی کردووەتە مەسەلەی سەرەکیی پێکەوەژیانی ئێتنیک- نەتەوەکان لە ئێراندا. لە کاتێکدا ئێلیتی ئێتنیک/نەتەوەی سەردەست پێداگری لەسەر سیستەمێکی سێکۆلاری دێموکراتیک دەکات، کۆمەڵگە ژێردەستەکان لەسەر ئەو بڕوایەن کە سیستەمی دێموکراتیکی سیکۆلار، بە تەنیا ناتوانێت هاوسانیی پێکهاتەیی، دامەزراوەیی، مێژوویی، فەرهەنگی و سیاسی بێنێتە دی. هەر بۆیە گرووپی دووهەم پێداگرن لەسەر زامنکردنی حاکمییەت بۆ هەمووان کە دەبێ نیشانەکانی "دێموکراسی" و بنەماکانی پێکهێنانی دەسەڵات لە ئێراندا، سەرلەنوێ پێناسە بکرێنەوە. بەبێ ئەم پێناسە کردنەوەیە، پەیوەندیی داگیرکاریی ناوخۆیی درێژەی دەبێت. سەرەڕای ئەمانە، بەبێ هەڵگرتنی هەنگاوێکی بنەڕەتیی لەم چەشنە، ناهاوسانیی میژوویی دووبارە بەرهەم دێتەوە. لە ئاکامدا، هەموو ئێتنیک- نەتەوە غەیرە فارسەکان لە هەرچەشنە نوێنەرایەتییەکی ڕاستەقینە بێبەش دەبن و مێژووی سەرکوت و بێبەشی، سەرلەنوێ دووبارە دەبێتەوە کە ئەمە بۆ هەرێمە نەتەوەییەکان قابیلی قەبووڵ نییە. هەر بۆیە وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران جەخت لەسەر مافی حاکمییەت بۆ کورد و هەرێمە بندەستەکان دەکەینەوە.

لە کۆتاییدا، جەخت دەکەینەوە سەر دوو ئەسڵی مافی نەتەوەیی (سەروەری) و دێموکراسی (فرەنەتەوەیی) لە دواڕۆژی پاش کۆماری ئیسلامیی ئێراندا کە پێکهێنانی سیستەمێکی فیدراڵیی جوغرافیایی- نەتەوەییە. ئەم دوو ئەسڵەش، بنەمای سازدانی هەر جۆرە هاوپەیمانی و بەرەیەکی دێموکراتیکە لە دژی دەسەڵاتی ستەمکاری کۆماری ئیسلامی و مسۆگەرکردنی مافەکانی نەتەوە بندەستەکان.

سەبارەت بە ناوماڵی کورد، جەخت لەسەر ڕێزدانان بۆ جیاوازیی بۆچوونی سیاسی و تۆلێرانس لەگەڵ سەرجەم ڕێکخراو و کەسایەتی و لایەنە نیشتمانپەروەرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەینەوە. بۆ ئەوەی بە گوتارێکی نەتەوەیی و پلاتفۆرمێکی هاوبەشی خەبات، بەرەو پیریی هاوکێشە چاوەڕواننەکراوەکان بچین. ئامانجی گەورەمان ئەوەیە کە بە هاوخەباتی و پێکەوە بوون، بەرەو بنیاتنانی ڕۆژهەڵاتێکی بەهێز و شوێندانەر هەنگاو بنێین، چوون پێمان وایە کە خەباتی شار و شاخ لە پێناو مسۆگەرکردنی ڕۆژهەڵاتێکی بەهێز، کەڵک وەرگرتنە لە هەموو دەرفەت و هێز و پتانسییەلێک کە لە خزمەت بەرژەوەندی و داهاتووی خەباتەکەماندایە. سەبارەت بە پرسی یەکگرتنەوە، هەوڵی هەمیشەییمان ئەوە بووە کە لەگەڵ لایەنی دیکەی دێموکرات بە شێوەیەکی گونجاو و قابیلی پەسەندی هەردوو لا، یەک بگرینەوە.

لەم یادە پیرۆزەدا، وێڕای پیرۆزباییی ٧٦ـەمین ساڵی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەری ڕێز دادەنوێنین بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان و بنەماڵەکانیان، بە تایبەتی شەهیدانی ڕێبەرمان.

سڵاو لە ئیرادەی لە شکان نەهاتووی زیندانییانی سیاسیی خۆڕاگر. سڵاوی وەفا بۆ هەموو ئەو تێکۆشەرانە کە لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا تەمەنی خۆیان تەرخان کردووە. سڵاوی ئەمەگداری بۆ کەمئەندامانی ڕیزەکانی کوردایەتی. سڵاوی ئەمەگداری بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شاخ و لە شار و سەرجەم چین و توێژە نیشتمانپەروەرەکانی کوردستان.

بە هیوای یەكڕیزی و تەبایی

سەرکەوێ هاوخەباتی