کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: پێشمەرگە سەلماندی هەیمەنەی کۆماری ئیسلامی ناڕاستە

00:44 - 30 رەشەمه 2716

کوردستان میدیا: مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ساڵی نوێ پەیامێکی بڵاو کردەوە و لە بەشێکی ئەو پەیامەدا هاتووە که ئەوەی لە ساڵی داهاتوودا بەلای ئێمەوە گرینگە، بەردەوامیی پشتیوانیی خەباتی شاخە و لەهەمانکاتدا دەبێ هەموان کار لە سەر ئەوە بکەین کە چۆن شارەکانی کوردستان ببن بە لانکەی سەرەکیی خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان.

دەقی پەیامەکە:

پەیامی نەورۆزیی سکرتێری گشتیی حیزب

هاونیشتمانیان و کوردستانیانی خۆڕاگر


لە بەرەبەری نەورۆزدا و به بۆنه‌ی هاتنی ساڵێکی نوێ، پیرۆزباییتان لێ ده‌كه‌ین؛ نەورۆزێک کە ئیتر دەتوانێ هێمایەک بێ لە ڕاسانی خۆرهەڵات.

لە کات و ساتێکی ئاوادا بوو کە ساڵی پار له بناری قه‌ندیلەوه پەیامی ڕاسانی خۆرهەڵاتمان پێ‌ڕاگەیاندن و پێمان وتن کە ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەرزێکی نوێ لە خەباتی خۆرهەڵات دەست پێدەکەینەوە. بەڵام پێمان نەوتن کە ئەوە تەنیا پێشمەرگە و حیزبی دێموکراتە کە هەموو بەرپرسیاریەتییەکەی ئەم خەباتە بەئەستۆ دەگرێت، بەڵکوو هەموومان دەچینە قۆناغێکیتر لە ژیانی ڕزگاریخوازی لە مێژووی گەلەکەماندا.

دیارە پەیامەکەی ئێمە خوێندنەوەی جیاوازی لەسەر کرا، هێندیک لایان وابوو کە حیزبی دێموکرات ناتوانێ بەرەنگاری کۆماری ئیسلامی ببێتەوە، یان حوزوری پێشمه‌رگه له نێو خەڵکدا ناتوانێ وەڵامدەر بێ. به‌ڵام ڕووداو و لێکدانەوەکان لە سەر ئەم بابەتە لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە نە ئێمە ئەو هێزەین کە کۆماری ئیسلامی بە چۆکماندا بێنی، و نە خەباتەکەی ئێمە بەتەنیا خەباتی پێشمەرگەیه.

ئەوەی حیزبی دێموکرات لە نەورۆزی ڕابردوودا ڕایگەیاند، گرێدانی خەباتی شار و شاخ بوو. واتە خەباتێک کە تەنیا پەیوەست بە پێشمەرگەوە نیە، بەڵکوو کاکڵە سەرەکییەکەی شار و بزاڤە شارییەکانی خۆرهەڵاتی کوردستانە. ئێمە بەو باوەڕە گەیشتووین کە کۆی پانتایی خۆرهەڵاتی کوردستان لە بواری سیاسی، کولتووری، کۆمەڵایەتی و ئابورییدا گۆڕانی بەسەردا هاتووە. گۆڕانێک کە وێنایەکیتر لە کۆمەڵگای خۆرهەڵاتمان پێ نیشان دەدات.

بە درێژایی مێژوو زۆرترین قورسایی خەبات لەئەستۆی پێشمەرگەبووە، واتە پێشمەرگە هەموو تێچووەکانی خەباتی لەسەرشان بووە و خەڵکیش وەک ڕزگاریدەر چاویان لێ کردووە.

بەڵام ئێمە لەو بڕوایەداین کە ئەمشێوە بیرکردنەوە دەبێتە هۆی چاوەڕوانی و، شار و بزاڤەکانی ناتوانن ڕۆڵ و توانای خۆیان پیشان بدەن. بۆیە ئێمە باوەڕمان بە دوو کوڵەکە لەم خەباتەدا هەیە: کۆڵەکەیەکی پێشمەرگەیە کە وەک پشتیوانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ڕۆڵ بگێڕێت و، شاریش بە بوونی پێشمەرگە هەست بە تەنیایی نەکات و لەخەبات بۆ ڕزگاری و ئازادییەکانی بەردەوام بێ. لێرەدا پێشمەرگە ئەو هێزەیە کە دیفاع لە جووڵە و تواناکانی خەڵک دەکات بەرانبەر بە سەرەرۆییەکانی ڕێژیم. شاریش ئەو مەکۆیە دەبێ کە دەیهەوێ ببێ بە بەشێک لە سیاسەت لە خۆرهەڵاتی وڵات.

ئێمە لە بەر ئەوە بە پێشمەرگەوە دەستمان پێکرد، تاکوو بە کۆمەڵگای بسەلمێنین کە بوونمان هەیە و ئەم بوونە تەنیا دروشم نیە، پێشمەرگە وەک هێما و ئاوێنەی کوردبوون لەگەڵتانە. پێشمەرگە وەک دەسپێک هێمای ئەوە بوو کە ڕاسانی خۆرهەڵات کاروانێکە کە دەیهەوێ ببێ بە ڕاستی و ئەو ورە بە کۆمەڵگا ببەخشێ کە دەتوانێ ڕاڤەی بوونی خۆی بکات.

گیان فیدایی پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵات لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا توانیی زۆر بابەتمان بۆ ڕوون بکاتەوە:

یەکەم ئەوە کە؛ ڕۆڵەکانی کوردستان ئێستاشی لەگەڵدا بێ، ئامادەن کە بەهای ڕزگاریخوازیی خۆیان بدەن.

دووەم ئەوە کە؛ پێشمەرگە سەلماندی کە هەیمەنەی کۆماری ئیسلامی بابەتێکی ناڕاست و بێ‌ناوەڕۆکە.

سێیەم ئەوە کە؛ پیشمەرگە بڕیاری داوە لەگەڵ گەل و نیشتمانەکەی بێ، و ئەمە نیشان لە ستراتژییەکی درێژخایەن دەدات نەک کاتی.

هاوکات لەگەڵ خەباتی شاخ کە پێشمەرگە نوێنەرایەتی دەکات، خەباتی شار لای حیزبی دێموکرات گرینگە، لەم بوارەدا هەرچەند ئێمە هێشتا لە سەرەتای ڕێگەداین، بەڵام کۆمەڵگایەکی زیندوومان هەیە کە پێویستی بە ڕزگاریدەر نیە. بەڵکوو هەوڵمان ئەوە دەبێ کە پێکەوە خەباتی شار مانادار بکەین. ئێمە بڕیارمان نەداوە کە ببین بە چاوساغی ئێوە لە خەباتی شاردا، بەڵکوو ئەو پانتایە هی هەموومانە و پێکەوە هەوڵی واتادارکردنی دەدەین.

خەباتی شار ئەو شوێنەیە کە هەموومان لەوێدا یەکدەگرینەوە. کۆمەڵگای ڕزگاریخوازی خۆرهەڵاتە کە دەبێ ببێ بە لانکەی پێکەوە ژیانی سیاسەت، کولتوور و ناسنامە جیاوازەکان، ئەو مەکۆیەی کە هەم تواناکانی کورد دەچەسپێنێ و هەمیش گەراکانی کیانێکی دێموکراتیک لەگەڵ خۆیدا ڕاڤە دەکات. ئەو شوێنەی کە دەبێ لە ئەمرۆە کاری بۆ بکەین.

لە ئەنجامی حەماسە و داستانەکانی قەرەسەقەل و کۆساڵان، کۆمەڵە وێنایەک لە خۆرهەڵات سەریان هەڵدا کە هەموویان ئاماژەیەک بوون بۆ ئەوەی کە خەباتی شاخ توانیویەتی پەیامی خۆی بە شار بگەیەنێت، لەهەمانکاتدا بەشداریی خەڵک به گوێرەی توانا لەگەڵ خەباتی شاخ و، بەدەنگەوەهاتنیان لە ساڵرۆژی تێرۆری ڕێبەری گەورەمان، دوکتۆر قاسملوو پیشانیدا کە شارەکانی خۆرهەڵات هەڵگری نەوەیەکی ئامادەن کە دەزانێ چۆن کۆماری ئیسلامی بباتە ژێر پرسیارەوە.

لەلایەکی ترەوە جۆرێک لە خۆڕاگریی مەدەنی لە شارەکانی کوردستان سەریانهەڵدا کە هەموویان هەڵگری پەیامێک بوون، ئەویش بەرجەستە کردنەوەی ئیرادەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بوو بەرانبەر بە داگیرکەر.

لە هەمانکاتدا لەبیرمان نەچێ کە چۆن خەڵک پێشوازییان لە پیشمەرگە کرد و لە کاتی پێویستدا ئامادە بوون بە هەموو نرخێک یارمەتیدەریان بن.

ئەوەی کە شار لە خەباتی خۆرهەڵاتدا گرینگە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە لای ئێمە کوردبوون تەنیا مانای پێشمەرگە و هێزی بەرگری نیە. بەڵکوو واتای ئەوە دەگەیەنێ کە ئەگەر زۆرینەی خەڵک توانای پێشمەرگایەتیان نیە، بەڵام لە توانایاندایە کە بەرانبەر بە مافەکانی خۆیان هەستیار و بەرپرسیار بن. لێرەدا گەیاندنی ئەو پەیامەیە کە خەبات بۆ ڕزگاری و خەباتی نەتەوەیی مانای دابڕان لە ژیان نیە، لەهەمانکاتدا خەباتێک کە ڕەگ و ڕیشەی لە بزاڤی شاریدا بێ، مومکین نیە گەڕانەوە و پاشەکشه‌ی تێدا بێ. بەڵکوو دەبێتە خەباتێک کە بۆ هەمیشە درێژە بە ژیانی خۆی دەدات. جا چ ململانێ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بکات یان دەسەڵاتێکی تر.

لێرەدا بونیادنانی ئیرادە گرینگە، بونیادنانی ئەو ئیرادەیە کە تاکی کورد لە هەر شوێنێکی ژیانی شاریدا بێ، هەستی پێ‌بکات و، بگات بەو ڕاستییە کە ژیان و کوردبوون مافی ئەوە و، دەتوانێ ڕۆژانە کاری بۆ بکات. دیارە تا گەیشتن بەو ئاستە کە کۆمەڵگای ئێمە هەڵگری ئەو توانایه بێ، ڕێگایەکی دوور و درێژمان لە پێشە، بەڵام گرینگ ئەوەیە کە ئەگەر تواناکانی خۆمان لە ئاستە جیاوازەکاندا بناسین و سەیر بکەین کە چ توانایەکی مرۆیی بەهێز لە خۆرهەڵات بوونی هەیە، ئەو کاتە باوەڕ بەوە دێنین کە دەبێ بچینە بواری کاری هاوبەشەوە و بیکەین بە ڕاستی، ڕاستییەک کە له کردەوەدا خۆرهەڵات بکاتە هێزێکی شوێندانەر.

خه‌ڵکی خۆڕاگری کوردستان!

ئێستا پاش دوو ساڵ لە کارکردن بۆ گرێدانی خەباتی شار و شاخ، دەمانهەوێ دیسان ڕووی خۆمان لە ئێوه بکەین و بڵێین کە ڕاسانی ڕۆژهەڵات ئیتر واتا و چەمکێکی بێگانە نیە لای هەموومان، بەڵکوو خەریکە دەبێتە ناسنامەیەک. ئەم بە ناسنامەبوونە لە ئاستی خەباتی شاخدا جێگای گرتووە و خەریکە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پتەوتر دەبێ، بەڵام لە لایەکی ترەوە خەباتی شار پێویستی بە ئاوڕدانەوە و بەهێزتر کردن هەیە. ئەم بەهێزبوونەش بە تاکە تاکەی کۆمەڵانی خەڵک دەکرێت، ئەوەی لە ئەستۆی ئێمەیە سەلماندنی پاڵپشتیی خۆمانە وەک پێشمەرگە و حیزب، تاکو پێتان بڵێین کە بە تەنیا جێتان ناهێلین. ئەوەش کە بۆ ئێوە دەمێنێتەوە گرتنە ئەستۆی بەرپرسیاریەتییە بەرانبەر بە ژیان و ڕزگاریی وڵاتەکەمان.

لەم بوارەدا ئێمە یەکتر تەواو دەکەین، تاکوو پێکەوە ببین بە بونیادنەری کۆمەڵگایەکی ڕزگار و ئازاد. ئەوەی لە ساڵی داهاتوودا بەلای ئێمەوە گرینگە، بەردەوامیی پشتیوانیی خەباتی شاخە و لەهەمانکاتدا دەبێ هەموان کار لە سەر ئەوە بکەین کە چۆن شارەکانی کوردستان ببن بە لانکەی سەرەکیی خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان.

ئیمه بەو واتا و ناوەڕۆکەوه له نەورۆزی ساڵی ١٣٩٦ جێژنه پیرۆزه له هه‌موو ئەندامانی بنەماڵەی شه‌هیدانی ڕێگای خەباتمان بۆ ڕزگاری، كادر، پیشمه‌رگه‌ و لایه‌نگرانی حیزبه‌كەمان و لاوانی وشیار و ئاگای خۆرهەڵات و، بەگشتی هەموو خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ین و ده‌ڵێین:

سەرکەوێ خۆرهەڵات.